لێکۆڵینەوە نوێیەکانی ناوەندی ئیتلاعات و تێرۆریزمی ئیسرائیل، بە پشتبەستن بەو بەڵگەنامانەی حەماس کە لە غەززە لە لایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە دەستیان کەوتووە، تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامییان ئاشکرا کردووە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانە دوو ڕێگای سەرەکی بۆ گواستنەوەی چەک بۆ کەرانەی باختەری هەبوون، ڕێگای یەکەم لە سووریەوە دەستی پێ دەکرد و لە ئۆردن تێدەپەڕێ، ڕێگای دووەمیش لە سووریەوە بۆ لوبنان و پاشان ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل.
ئەمریکا و ئیسرائیل و ئۆردۆن بۆ ڕێگریکردن لە عەمەلیاتی قاچاخ ڕێوشوێنی بنەڕەتییان گرتووەتە. جگە لەوەش، بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕووسیە بۆ سنووردارکردنی قاچاخ لە ناوچە سنوورییەکانی سووریە، ئۆردۆن و ئیسرائیل بە نهێنی کاری کردووە.
پێش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، سووریە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە قاچاخی چەکدا گێڕا و بۆ تەیارکردنی حیزبوڵڵا بە چەکی پێشکەوتوو و ورد هاوکاری کردووە کە ئەم چەکانە لە هەندێک ململانێی دژ بە ئیسرائیل بەکار هێنراون.
کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە هاوکاریی ماددی و نیزامیی بەرفراوانی بە حەماس کردووە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٤٢ ملیۆن دۆلار بۆ باڵی سەربازیی حەماس نێردراوە.
بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو چەکانە لە یەمەنەوە بۆ غەززە لە ڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخی متمانەپێکراوەوە گواستراونەتەوە و تەنانەت پێشنیاری بەکارهێنانی ژێردەریایی بۆ ئەو مەبەستەش کراوە. هەماهەنگی نێوان کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵا و حەماس بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، بەشێک لەو پلانانە بووە.
ئەم بەڵگەنامانە کە لە کاتی عەمەلیاتی ئەرتەشی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و لێپرسینەوە لە ئەندامانی حەماس دەستیان کەوتووە، دەرخەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە وەک لایەنگری سەرەکیی ستراتێژیکی حەماس چالاکیی کردووە و جگە لە دابینکردنی کەرەستەی نیزامی، مەشق و ڕاهێنان، سەدان میلیۆن دۆلاری بە لقە جیاوازەکانی حەماس داوە.
ئەم ڕاپۆرتە هەروەها نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی بە تەرخانکردنی بوودجەی زۆر بۆ بەرنامە غەیرە نیزامییەکانی و بەهێزکردنی شیعەکان لە غەززە هەوڵی زیادکردنی نفووزی خۆی لەسەر بڕیارەکانی حەماس و فراوانکردنی نفووزی خۆی لەم ناوچەیەدا داوە.