کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد ئەلشەرع: ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد پرۆژەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەی بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ دوا خست

10:56 - 1 بەفرانبار 2724

ئەحمەد ئەلشەرع، ناسراو بە محەممەد جوولانی، فەرماندەی گرووپی تەحریروشام، ڕایگەیاندووە کە بە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، پرۆژەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە، بۆ ماوی ٤٠ ساڵ دواکەوتنی بەخۆوە بینیوە.

نابراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقەلئەوسەت، ڕایگەیاندووە کە سووریە لە کاتی ئەسەدا ببووە سەکۆیەک بۆ ئێران تاکوو پێتەختە سەرەکییەکانی جیهانی عيرەب کۆنتڕۆڵ بکات و هەروەها شەڕەکان پەرە پێ بدا و بە ماددەی هۆشبەر کەنداویش ناسەقامگیر بکات.

ئەحمەد ئەلشەرع لەم وتووێژەدا دەڵێ ئێمە بە سڕینەوەی میلیشیاکانی ئێران و بەستنی ڕێگای نفووزی ئێران بۆ سووریە، خزمەتمان بە بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە کرد و ئەوەی کە دیپلۆماسی و گوشاری دەرەکی نەیتوانی مسۆگەری بکات، بە کەمترین زیان بەدەستمان هێنا.

دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد لە ماوەی ١١ ڕۆژدا بە دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک لە ئێدلێب و حەڵەبەوە، توانییان ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ بگەنە دەمێشق و کۆتایی پێنج دەیە دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریە بهێنن.

چاوەدێران باس لەوە دەکەن کە گۆڕانکارییەکانی ئەم دووایە لە سووریە، زەربەیەکی گەورە بۆ دەستڕۆیشتوویی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بووە و لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێ.

دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، گرینگترین هۆکاری ناسەقامگیریی ناوچەکەیە و بە لەنێوچوونی بەرپرسانی سەرەکیی گرووپە نیابەتییەکان لەوانە حیزبوڵڵا و حەماس و هەروەها ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، دەستڕۆیشتوویی و نفووزی کۆماری ئیسلامی کەم بووەتەوە و ئەمە نیگەرانیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی بەدواوە بووە.