کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگرتنی بەندکراوی سیاسی لە بەندی تاوانە توندوتیژەکان بە بێ مافی چاوپێکەوتن

11:15 - 1 بەفرانبار 2724

ڕەزا ڕەمەزانزادە، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی تارانی گەورە کە بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا دراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، بە بێ مافی چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە کارتی تلفۆن، لە بەندی تاوانە توندوتیژەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگیراوە.

کوردپا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای داواکارییەکانی ڕەزا ڕەمەزانزادە، پاراستنی بەندیخانەی تارانی گەورە ناوبراوی لە بەندی تاوانە توندتیژەکاندا ڕاگرتووە و لە دەسڕاگەیشتن بە کارتی تلفۆن و مافی چاوپێکەوتن بێبەریان کرووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەزا ڕەمەزانزادە، چالاکی مەدەنی و سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کرا.

ناوبراو لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە تاران دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە و بە هۆی مانگرتن لە خوارن لە بەندیخانە، تووشی کێشەی هەرسکردن و گەدە بووە.

ڕەزا ڕەمەزانزادە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە تاران دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە هۆی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە هۆی بەشداری لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕەزا ڕەمەزانزادە پێشینەی چەندین جار دەسبەسەرکرانی لە ساڵەکانی ١٣٩٢، ١٣٩٨، ١٤٠١، ١٤٠٢ و ١٤٠٣ ی هەیە. ناوبراو لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی بەمیدیاییکردنی کێشەی بەندکراوان و بەندیخانەکانی تارانی گەورە و وەکیل ئابادی مەشهەد دەسبەسەر و سزای یاسایی دراوە.

ڕەزا ڕەمەزانزادە کوردی خوراسانە کە لە تاران نیشتەجێیە.