
ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەزی ۱٤۰۳، کۆمیتەی زاگرۆس، سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوی پێگەیاندنی ئافرەتان Wro ، سێمینارێکی بەبۆنەی ۲٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان بۆ ئەندامانی سەر بەم کۆمیتەیە بەڕێوە برد.
ناوەڕۆکی ئەم سێمینارە تایبەت بە هۆشیاری لەسەر بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئەو توندوتیژییانە بوو کە لەم ڕێگایەوە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن.
سێمینارەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر خاتوو گەشاو یاسین، توێژەری کۆمەڵایەتی بابەتەکەی بە وردی شی کردەوە و لە ڕێگای داتاشۆوە لایەنە جیاوازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خستە ڕوو.
ناوبراو دواتر ئاماژەی بەو شێواز و جۆرانە لە توندوتیژی کرد کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانەوە دروست دەبن و دەبنە مەترسی بۆ سەر ژنان و کچان بەگشتی و تاکی کۆمەڵگە بە تایبەتی.
بڕگەی کۆتایی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و سەرنجی بەشداربووان کە لەلایەن خاتوو گەشاوەوە بەوردی وڵام درایەوە .