کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان لە کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنەی مافی مروڤی پارلەمانی ئەو وڵاتە

12:29 - 1 بەفرانبار 2724

مستەفا قازیزادە بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان لەسەر بانگهێشتنی فەرمیی پێتر هایت نوێنەری حیزبی دێموکراتی ئازاد، لە ڕۆژی ١٧ی دێسامبری ساڵی ٢٠٢٤ بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنەی مافی مرۆڤی پارلەمانی ئەو وڵاتەی کرد.

بابەتی تایبەتی ئەو کۆبوونەویە پاراستنی ئەمنییەتی دژبەرانی وڵاتانی دیکتاتۆری بوو کە پەنایان بۆ وڵاتی ئاڵمان هێناوە. 

بەرپرسی بەشی دژی تێرۆریسمی وەزارەتی ناوخۆ، بەرپرسی مافی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوە، چوار پارلەمانتاری فراکسیۆنەکانی پارلەمان، چالاکانی مافی مرۆڤی  ئۆیغورەکان، چین، ڤیێتنام، تاجیکستان و بێلاڕووس و چەند ڕۆژنامەوانی میدیای ئاڵمان و نوێنەری ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ و ڕاپۆرتنووسانی بێسنوور بەشدار بوون.

هەموو لایەنەکان پێداگرییان کرد کە کاربەدەستانی ئاڵمان دەبێ زیاتر هەوڵی دابینکردنی ئەمنییەتی گیانی و ئازادی هەوڵ و تێکۆشانی دژبەرانی ئەو وڵاتانە بکەن، بۆ ئەوەی دێموکراسی لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری پەرە بستێنێ.

مستەفا قازیزادە بە ئاماژە کردن بە تێرۆری نەمر دوکتور شەرەفکەندی لە ساڵی ١٩٩٢ ئەوەی بیری بەشداران هێنایەوە کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزرانییەوە سەدان دژبەری لە دەرەوی وڵات تیرۆر کردووە.

ئەو داوای کرد کە سیخوڕان، بکەران و دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان بناسێندرێن و لەو وڵاتە دەر بکرێن.