کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراو بەبۆنەی: کۆچی دوایی فەتاح ئەمیری، نووسەر و کوردیزانی ناوداری کورد لە بۆکان

02:31 - 2 بەفرانبار 2724

ڕاگەیەندراو بەبۆنەی:

کۆچی دوایی فەتاح ئەمیری، نووسەر و کوردیزانی ناوداری کورد لە بۆکان

 

فەتاح ئەمیری، نووسەر، ڕۆماننوس و ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێوارەی شەممە، ١ی بەفرانبار لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

فەتاح ئەمیری ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە بنەماڵەی گەورەی ئەمیرییەکانی ئاوایی مەنیچێر لە ناوچەی مەحاڵی بۆکان لەدایک بوو. کاک فەتاح هێشتا ساڵێک تەمەنی پڕ نەکردبوو کە عەلی‌خانی باوکی کۆچی دوایی کرد و لە خوار تەمەن ٧ ساڵیدا دایکیشی لەدەست دا.

کاک فەتاح ئەمیری لەژێر سەرپەرستیی مامیدا وەبەر خوێندن نرا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سەخت و تایبەتیی ژیانی، پێش وەرگرتنی دیپڵۆم خوێندنی قوتابخانەی بە نیوەچڵی بەجێ هێشت، لەگەڵ ئەوەشدا هۆگریی ئەو بە خوێندەوە و پاشان نووسین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بوو.

کاک فەتاح ئەمیری ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لە ئیدارەی کارەبای شاری مەراغە وەک فەرمانبەر دامەزرا و لە تەنیشت کارە ئیدارییەکەی کە پاشان بۆ شاری بۆکان گوێزرایەوە، درێژەی بە کاری ئەدەبی و سیاسیی خۆی دا. هەر لە سۆنگەی چالاکییە سیاسییەکانی لەلایەن ڕێژیمی پێشووی پاشایەتییەوە گیرا و تامی تاڵی ئازار و ئەشکەنجەی ساواک و بەندیخانەکانی ڕێژیمی پاڵەویی چاشت. لەگەڵ دەسپێکی ڕاپەڕین دژی ڕێژیمی پاشایەتی، چالاکییە سیاسییەکانی کاک فەتاح ئەمیری زۆرتر بوون و دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرابوونەوەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب، هەتا لەشکرکێشیی بەرینی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کوردستان و لەدەستدانی ناوچە ئازادکراوەکان لە بەشی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتدا لە ئەرکە سیاسی و ئەدەبییەکانی بەردەوام بوو.

کاک فەتاح کەسایەتییەکی دیاری بواری وێژەی کوردی بوو. بە نووسین و بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکانی فەتاح ئەمیری، بەتایبەت "هاوارەبەرە" و میرزا" دنیای گێڕانەوەی کورد پێی نایە قۆناغێکی نوێ و، زمانێکی تازە و دەنگێکی ڕەسەن پێی نایە گۆڕەپانی گێڕانەوەی کوردی، بەتایبەت لە بواری ئەدەبی بەرگریی کوردیدا. بەڕێزیان شێوازی نووسینی تایبەت بەخۆی هەبوو. زمانێکی دەوڵەمەندی پڕ لە ئیدیۆم و قسەی نەستەقی کوردەواری، بەشێک لە شێوازە نووسینە شیرینەکەی بوو. بۆیە بەتایبەت "هاوارەبەرە" و "میرزا" جیا لەوەی ڕۆمانێکی شیرین و سەرنجڕاکێشن، دەکرێ وەکوو هەنبانەیەکی ئیدیۆم و پەند و مەسەلیش لێیان بڕوانین، چونکە کارەکتەرەکانی ئەو دوو ڕۆمانە لەوپەڕی سادەیی و ساکاریدا بەو زمانە دەوڵەمەند و شەق‌ڵنەشکاوە دەدوێن کە کاریگەریی زمانی داگیرکەرانی بەسەرەوە نییە. هەروەها بە هاندان و ڕێنوێنییە کاریگەرەکانی شوێندانەریی لەسەر پێشگەیشتنی زۆر ئەدیب و نووسەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەو وەک ڕچەشکێنێک لە مینبەری گۆڤاری "سروە" و دواتر ئەنجومەنە ئەدەبییەکانەوە، خزمەتێکی زۆری بە ئەدەبی کوردی و پێگەیاندنی نوێ‌قەڵەمانی بواری نووسین کرد و خۆی گوتەنی حاسڵی عومریشی چەند ڕۆمانێکی بەناوبانگن کە کتێبخانەی کوردییان پێ دەوڵەمەند بووە.

"هاوارەبەرە"، "میرزا"، "زیندەخەو"، "گێژەڵووکە" و "خەم و خەیاڵ" چەند بەرهەمێکی چاپکراوی کاک فەتاح ئەمیرین کە بە یادگار بۆ نەتەوەکەی بەجێی هێشتوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک فەتاح ئەمیری سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکا و بە چاوی ڕێز و ئەمەگەوە لە ڕابردوو و تێکۆشانی سیاسی و هەروەها خزمەتە ئەدەبییەکانی دەڕوانێ.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی