کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی ڕێژیم لە منداڵان بۆ تێرۆر لە وڵاتانی سکاندیناوی

10:10 - 2 بەفرانبار 2724

بەپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی درێژەدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی کەڵک لە منداڵانی کەم تەمەن وەردەگرێت.

بلۆمبێرگ بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی چالاکانە منداڵان و بەتایبەت منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵی بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی دژی ئیسرائیل لە وڵاتی سوید و نۆروێژ بەکار هێناون چونکە لەم وڵاتانەدا، منداڵانی تاوانبار بەتایبەت ئەگەر تەمەنیان ١٥ ساڵ بێت بەدواداچوونی یاساییان بۆ ناکرێ.

بە وتەی پێتێر نەسەر، کارناسی کاروباری تێرۆریزم لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەرگریی نۆروێژ، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک "تێلێگرام، تیک تۆک، واتساپ و .. پێوەندی بەم منداڵانەوە دەکەن و بە پێدانی پارە ڕایاندەسپێڕن دەکەن کە کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدەن.

بە وتەی بلۆمبێرگ، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران تەنیا بۆ فڕێدانی کۆکتێل مۆلۆتۆفێک، ١٢٠ یۆرۆ و بۆ کوشتن ١٥٠٠ یۆرۆ پارەیان پێشنیار کردووە.

بلۆمبێرگ لەمبارەوە وتوویەتی کە ئەم کردەوەی کۆماری ئیسلامی، نیگەرانیی توندی بەرپرسانی ئورووپایی بە دواوە بووە چونکە بەپێی یاسا، ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان کەمتر لە ١٥ ساڵە و لە نۆروێژ و سوید تاوانێک ئەنجام دەدەن، بەدواداچوونی یاساییان بۆ ناکرێ و ڕێژیمی ئێرانیش لەم یاسایە بە قازانجی هەوڵە تێرۆریستییەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.

بە وتەی بەرپرسێکی باڵای یەکیەتیی ئورووپا لاوازبوونی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەڕەشەی هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی کەم نەکردووەتەوە.

بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، ڕێژیم بە ڕاسپاردنی گرووپ و کەسی جیاواز دوو هێرشی بۆ سەر باڵوێزخانەکانی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم  و کۆپێنهاگ ئەنجام داوە.

بە وتەی سرویسە ئیتلاعاتییەکانی سوید و ئیسرائیل، "فاکس تروت" لەو گرووپە تاوانکارانەیە کە کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ئەنجامی هەوڵی تێرۆریستی لە سکاندیناوی کەڵکی لێ وەردەگرێت.