ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدرانی لانیکەم دە کەس لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی هۆشداری داوە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەکەی خۆیدا ناوی دە کەسی هێناوە کە بریتین لە: فازڵ بەهرامیان، مەنووچێهر مێهماننەواز، مێهران بەهرامیان، میلاد ئارموون، عەلیڕەزا کەفایی، ئەمیرمحەممەد خۆش ئێقباڵ، نەوید نەجاڕان، حوسێن نعمەتی، عەلیڕەزا بەرمەرزپوورناک و مێهران عەبدوڵڵازادە کە هەموویان لە دادگای نادادپەروەرانەدا بە لەسێدارەدران سزا درابوون.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە نووسیویەتی کە ئەم دە کەسە بە تۆمەتگەلی وەکوو موحاربە، بەغی و کوشتن دادگایی کراون و دەڵێ هەندێ لەم سزایانە دوابەدوای وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا دراون.
بەپێی ئامارەکان تاکوو ئێستا، دە کەس لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ کە دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی هاتنە ئاراوە لە سێدارە دراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ڕزگار بەیگزادە بابامیری خەڵكی بۆکان کە لە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢دا بە تۆمەتی گەیاندنی دەرمان بە بریندارانی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا، ئەگەری هەیە سزای قورسی بەسەردا بسەپێت و ئەمە نیگەرانییەکانی بنەماڵەی ناوبراوی زۆرتر کردووەتەوە.