کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بونیادی بروومەند: کۆماری ئیسلامی لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا سەدان قەتڵی سەروویاسایی ئەنجام داوە

10:35 - 2 بەفرانبار 2724

بونیادی مافی مرۆیی عەبدولڕەحمان بروومەند لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە ٤٥ ساڵ توندوتیژیی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا ٨٦٢ حاڵەتی لەسێدارەدانی سەروویاسایی و ١٢٤ حاڵەتی هەڕەشەی کوشتن یان هەوڵدان بۆ ڕفاندن و تێرۆر تۆمار کراون.

بونیادی بروومەند لەم ڕاپۆرتەدا کە لەژێر ناوی "ئێران: توندوتیژیی دەوڵەتیی بێ سنوور" بڵاو کراوەتەوە، نووسیویەتی کە توندوتیژیی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی کە کوشتن و ڕفاندن لەخۆ دەگرێت، لە وڵاتانی ئاڵمان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا، پاکستان، تورکیە، عێراق، فەرانسە و کانادا ڕووی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ناوەندە، لە نەبوونی ڕاستبێژی، لێکۆڵینەوەی فەرمیی سیستماتیک و لێکۆڵینەوەی مەیدانیی سەربەخۆدا، ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییان کە تەنیا لە دەرەوەی ئێران دەگاتە ٤٥٢ حاڵەت، نەناسراو ماوەتەوە.

ئەم ناوەندە لە ساڵی ١٤٠٠دا باسی لە ڕوونبوونەوەی شوناسی زیاتر لە ٥٤٠ ئێرانی لە دەرەوەی ئێراندا کرد کە لەلایەن ئێرانەوە کوژرابوون یان ڕفێندرابوون.

بونیادی بروومەند بە ئاماژە بە هۆکارەکان و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێبەندانی ٥٧ەوە کەسی زۆریان ڕفاندوون یان بێسەروشوێنیان کردوون و لە سێدارەیان داون نووسیویەتی: ڕۆڵی بەرپرسان، دیپلۆماتەکان و هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانەدا، لە چەندین حاڵەتدا ئاشکرا کراوە و جاروبار لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

داتاکانی ئەم ناوەندە نیشانی دەدەن کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەتا ئەمریکای باکوور و ئەفریقای باشوور، هیچ ناوچە یان وڵاتێک لە توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی پارێزراو نەبووە.