بەڕێز، سەرۆکی ڕێکخراوی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست!
بەڕێزان، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان!
بەشدارانی بەڕێزی کۆبوونەوەی شوڕای ئینترناسیۆنال سۆسیالیست !
ئیزنتان لێ دەخوازم بە ناوی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامانی شاندی هاوڕێمەوە گەرمترین سڵاوتان پێشکەش بکەم و ئارەزووی سڵامەتیتان بۆ بخوازم. خۆشحاڵم لەم کۆبوونەوە گرینگەدا لەگەڵ ئێوەم و ئاواتی سەرکەوتن بۆ کۆبوونەوەکەمان دەخوازم، هاوکات هیوادارم بە هاوکاری و هاوفکریی یەکتر ئەرکە دەستنیشانکراوەکان ڕاپەرێنین و دەسکەوتی پتر لە پێشوو بۆ ڕێکخراوەکەمان دەستەبەر بکەین .
بەڕێزان!
ئەم کۆبوونەوەیە لە هەلومەرجێکی هەستیاری نێونەتەوەی و ناوچەییدا بەڕێوە دەچێ و هەتا ڕادەیەکیش سەرنجەکان لەسەر ئاکامی ئەم کۆبوونەوەیە کۆ بووەتەوە. بۆیە هیواخوازم پرسە سیاسییەکان و بابەتەکانی دەستووری کاری کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی کارناسانە و بنەمایی تاوتوێ بکرێن و هەڵوێست و بڕیاری شیاویان لەسەر بدرێت.
لەوانەیە لەم ماوە کورتەدا زۆر بە وردی نەتوانم ئاماژە بە هەموو بابەتەکان بکەم، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆرتر جێی سەرنجە، پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بەتایبەت مافە نەتەوەییەکانی نەتەوە پەراوێزخراوەکان بۆ نموونە بێبەشبوونی میلیۆنان منداڵی نەتەوە کورد و نەتەوە نافارسەکان لە خوێندن بە زمانی دایکی، پرسی ژنان و هەروەها سیاسەتی حاشاکردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوناس و کولتووری نەتەوەیی و جۆراوجۆرییەکانی دیکە و هەوڵی سیستماتیک بۆ سڕینەوەی جۆراوجۆرییەکان لەو وڵاتەیە.
بەڕێزان!
بەدڵنیاییەوە ئێوە ئاگاداری مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەن و دەزانن ئێمە بۆ نەهادینەکردنی دێموکراسی و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ئێران قوربانییەکی زۆرمان داوە. ئێمە لەو پێناوەدا نەک هەر ئەوەی دوو سکرتێرمان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کراون، بەڵکوو لە وڵاتانی دراوسێی ئێران و تەنانەت لە ئورووپا کراوینەتە ئامانجی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی. نموونەی ئاشکرا تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی سکرتێری پێشووی حیزبەکەمان و شاندی هاوڕێیەتی کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست لە ساڵی ١٩٩٢ هاتبووە ئاڵمان و لە شاری بێرلین تێرۆر کرا.
جگە لە بەردەوامیی تێرۆر، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو لە نێوخۆی وڵات ناوچە کوردستانییەکانی ئێرانی مێلیتاریزە کردووە، بزووتنەوە ئێعترازییەکانی سەرکوت کردووە و چالاکانی سیاسی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی ئێمەی دەسبەسەر و ئێعدام کردووە. هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانیش بە پێشێلکردنی سەروەریی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان بە مووشک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپی ئاوارە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی نیشتەجێ لە بنکە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی خاکی عێراقدا.
نوێنەرانی بەڕێزی حیزبەکانی ئەندام لە ئینترناسیۆناڵ!
لێرەدا سەرنجتان بۆ خالێک ڕادەکێشم کە بەداخەوە زۆرجار بیستوومانە کە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی وڵات بەهۆی کۆماری ئیسلامی و ئەو جینایەت و کارەساتانەی ڕێژیم خوڵقاندوویەتی و لەسەریان بەردەوامە، پتر وەک بابەتێکی نێوخۆیی وڵاتی ئێران دەبیندرێ. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی ئورووپایی بەتایبەت، لە ڤییەن بەسەر تێرۆری د. قاسملوودا تێنەپەڕیبان و هەڵوێستی شیاویان هەبا و سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئەم ڕێژیمە داندرابا، لەوانە بوو نە تێرۆری مێکۆنووس لە ئاڵمان ڕووی دابا و نە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەمجۆرە لە ئورووپادا بڵاو بباوە کە دەیان کەس لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە نێودڵی ئورووپای دێموکراتدا بکرێنە ئامانج. بەڵام بێدەنگی و بێهەڵوێستیی کۆمەڵگەی جیهانی دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ بەردەوامیی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە جیهان و ئاژاوەگێڕی و قەیرانخوڵقێنییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاوەڵا کرد.
بەڕێزان!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە سەرکوتی بێبەزەییانەی هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی مەدەنی و مافخوازانە و سووکایەتیی ئاشکرا بە کەرامەتی مرۆڤ لە ئاستی نێوخۆییدا، لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییشدا بە پشتیوانی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی، بەردوامیی لە پڕۆژە ئەتومییەکانی و پیشەسازیی مووشەکی و چەکە کۆمەڵکوژەکانی بووەتە هۆی قەیران و ناسەقامگیرییەکی بەرفراوان. سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژییەکەی پشتئەستوور بە دروستکردنی میلیشیا و هێزی کرێگرتەی جۆراوجۆر لە وڵاتانی دراوسێ و تەیارکردنیان بە مووشەک و دڕۆن، نائەمنی و ناسەقامگیری زۆری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خوڵقاندووە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پریشکەی ئەم ئالۆزییانە بەر وڵاتانی ڕۆژئاواییش کەوتووە.
دەستێوەردانی سیاسی لە کاروباری غەزە، لوبنان و سووریە نموونەی هەرە زیندووی ئەم سیاسەتە قەیراخوڵقێنەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئێستا پاش شەڕی یەک ساڵەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان دژی ئیسرائیل بە دنەدانی ئێران و دەستێوەردانی میلیشیاکانی دیکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن و عێراق و، پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە؛ ئەم چاوەروانییە لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، ناوەندەکانی بڕیار و وڵاتانی دێموکرات دەکرێ ئاڵوگۆڕەکانی ئیستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هەند بگرن و پشتیوانی جووڵانەوەی دێموکراتیک و مافخوازانەی گەلانی ئەم ناوچەیە بن. بەتایبەت لە بەرانبەر ڕێژیمی سەرکوتکەر و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی بێهەڵویست نەبن و بە گوشارخستنەسەر کۆماری ئیسلامی ئەم ڕێژیمە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کردەوە جینایەتکارەکانی وەڵامدەر بکەن. هاوکات دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی گەلانی مافویست و ئازادیخوازی ئێران و پشتیوانی بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) بۆ بنیادنانی سیستەمێکی دێموکرات و سیکۆلار لە ئێرا بن.
لەم دەرفەتەدا و لەم کۆبوونەوەیە داوا لە حیزبە دەستەخوشکەکانمان لە نێو ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست و هەموو کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان دەکەین لە گەیشتن بە ئامانجەکان و ڕووبەڕوو بوونەوەمان لەگەڵ ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی بزوتنەوە ڕەواکەمان بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی، نەتەوەیی و مرۆییەکانمان لەژێر درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بن. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم بڕوایەداین لەم هەلومەرجە هەستیارەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەم دەرفەتانە دەبێ کەڵکیان لێ وەرگیرێ و لە ئێستا و لە داهاتوودا داوای پشتیوانی و هاوکاریی بەکردەوە و مەیدانیی لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەتایبەت ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست دەکەین.
سپاس بۆ ئەم دەرفەتەی بە ئێمە درا هەتا باسی ئێران و پرسی نەتەوەکان و پێشێلکرانی مافەکانیان لەم وڵاتە بەهۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە بکەین.
مەراکش، رابات
٢١ی دسامبری ٢٠٢٤