کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی پارێزەری پەخشان عەزیزی لەمەڕ پێڕاگەیشتنی بەپەلە بەسەر دۆسییەکەی ناوبراودا

12:26 - 13 سەرماوەز 2724

پارێزەری پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، نیگەرانیی خۆی لەبارەی مامەڵەکردنی بەپەلە لەگەڵ دۆسییەی ناوبراو لە دادگای باڵای ڕێژیم دەربڕی و ڕایگەیاند، هەندێک هەواڵم بیستووە، کە هیوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی کەم کردووەتەوە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەز، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئمتداد، داوای لە دادگای باڵا کرد کە گرینگی بە بەڵگە باوەڕپێکراوەکان بدەن کە دەتوانێت سزای لەسێدارەدانی پەخشان هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەمیر ڕەئیسیان سەبارەت بە دوایین دۆخی دۆسییەی پەخشان وتی کە ئەم دۆسیەیە چووە بۆ دادگای باڵا و لە ئێستادا لە یەکێک لە لقەکانیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەڵگە باوەڕپێکراوەکان و پەسەندکراوی سەرچاوە فەرمییەکان سەبارەت بە چالاکی و هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی پەخشان لە کەمپەکانی پەنابەرانی شەڕی داعش پێشکەشی ئەو لقە کراوە.

بەڵام ئەم پارێزەرە هۆشداری دا سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بەڵگانەی خراونەتە بەردەم دادگای باڵا، بیستراوەکان هەڵگری هەواڵێکی خۆش نین، و ئەمەش بووەتە هۆی بێ هیوا بوون و نیگەرانی لە بێتاوان ناساندنی پەخشان عەزیزی لە تۆمەتی بەغی و کەمبوونەوەی ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان کە بەسەریدا سەپاوە.

ئەمیر ڕەئیسیان زیاتر لەسەر ئەو هەواڵە بیستراوانە ڕوونی نەکردەوە و تەنیا باسی لەوە کرد کە لە دۆسیەی هاوشێوەدا، بۆ ئەو کەسانەی کە بەشداری چالاکیی سەربازییان نەکردووە هیچ سزایەکی لەو شێوەیە دەرنەچووە.

پەخشان عەزیزی توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکی مەدەنی لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامبوون لە گرووپگەلێک کە چالاکی چەکدارییان لە دژی رێژیمیب ئیسلامی هەبووە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، ناوبراو پێشتر وەک هاوکار چووبووە کوردستانی سووریە و هاوکاری ئەو ئاوارانەی دەکرد کە لە شەڕی داعش هەڵاتبوون.