ڕووخانی ئەسەد گورزێکی قورسە لە "محیوەری مقاومەت"ی ئێران
واشینگتۆن پۆست – سوزانا جۆرج و مستەفا سەلیم
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی
خێرایی کەوتنی سەرۆککۆماری سووریە بەشار ئەسەد، بە دوای زەبرە گورچوبڕەکان کە حیزبوڵڵا تووشیان بوو، گورزێکی قورسی لە "محیوەری مقاومەت" ئێران، کۆڵەکەی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دا، کە لە ماوەی دەیان ساڵدا پێکی هێنابوو.
لە ماوەی شەڕی ١٣ ساڵەی نێوخۆیی سووریەدا، ئێران خوێنێکی زۆر و سامانێکی زەبەلاحی بۆ پشتگیریی لە ڕێژیمی ئەسەد تەرخان کرد، تەنیا بۆ ئەوە کە ببینێ دوای کەوتنی شار لە دوای شاری ئەو وڵاتە بۆ ژێر دەسەڵاتی یاخیبووان، وەبەرهێنانە مەزنەکەی لە ماوەی چەند ڕۆژدا لەنێو بچێ. بەڵام تاران تەنیا کڕیارێکی لەکیس نەدا؛ ئەو بۆی دەرکەوت توانایی نیشاندانی دەسەڵاتەکەی و کلیلەی ئەمنییەتی خۆی کۆتایی هاتوە.
حیزبوڵڵا، ئەو تاقمە میلیشیاییەی سەردەمێک کێبڕکێی لەگەڵ سوپاکانی ناوچە دەکرد، لە مانگی ڕابردوو تووشی شکستێکی سەرشۆڕانە لە بەرانبەر ئیسڕائیلدا بووە و بۆ نۆژەنکردنەوەکەی حیساب لە سەر ئێران دەکات.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، عەبباس عێراقچی، ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ئێران دانی بەوەدا نا کە، "بەرەی خۆڕاگری ساڵێکی بەڕاستی دژواری تێپەڕ کردوە". بەڵام ئەو گوتی ئەوان زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانکراودا دەرکەوتوون و ئاماژەی بە هێرشە بەردەوامەکانی حەماس دژی ئیسڕائیل کرد: "کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد کە بەرەکە هێندە بەهێز بێ."
خەڵکی دیکە لەوە بەگومانن
دیپڵۆماتێکی ڕۆژاوایی، کە وەکوو خەڵکی دیکە، بە مەرجی بەنهێنی مانەوەی ناوەکەی ئامادەی گفتوگۆ لەسەر سیاسەتی هەستیاری ئەمنییەتی بوو، گوتی: "بێ سووریە، ئێمە توانیمان ببینین کە سەرجەم تەوەری خۆڕاگریی لەبەر یەک هەڵوەشا."
لە نێوخۆی ئێران، هەواڵی ڕووخانی ئەسەد بەرەوڕووی ڕەخنەی بەربڵاو لە سیاسەتی تاران بۆوە، تەنانەت لایەنگرانیش ڕەخنەیان لە بڕیاری خەرجکردنی میلیاردها دۆڵار لە ڕایەڵەیەک گرت کە وەها خێرا لێکهەڵوەشا. حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە، ئەندامێکی پێشووی پارلەمان لە ڕایەڵەی "ئیکس"دا نووسیی، "ئێرانییەکان ناتوانن دڵخۆش بن. ئیتر کەس مافی خەرجکردنی دۆڵارەکانی وڵاتیان بۆ پاراستنی تۆڕی جاڵجاڵوکان نییە."
دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، تەوەرەکە، هاوپەیمانییەکی شل لە نێوان تاقمە چەکدارەکانی پشتگیریکراو لە لایەن تارانەوە لە یەمەن تا غەزە، وێدەچوو گەشە بکەن. بۆیە بە پشتیوانیی لە حەماس، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و تاقمە چەکدارەکانی عێراق بەیەکەوە هێرشیان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا. بەڵام ئیسڕائیل ڕێبەرانی حەماس و حیزبوڵڵای کوشت و هێزەکانیانی لە غەززە و لوبنان تووشی زەرەری بەرچاو کرد. هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، لە جیات چاوترسێنکردنی دوژمنەکەی، تەنیا لاوازییە مەزنترەکەی ئاشکرا کرد.
ئێران نزیکەی ٢٠٠ هاژەکی بالیستیکی لە مانگی ئۆکتۆبەر، لە مەزنترین هێرشی ڕاستەوخۆ لە جنگی شاراوەی دەیانساڵەیاندا، ئاراستەی ئیسڕائیل کرد. بەڵام ئەو هاژەکبارانە، هەتا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل، وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان، پووچەڵ کرانەوە و زەرەرێکی کەمیان بەدواوە بوو. هێرشی تۆڵە ئەستێنانەی ئیسڕائیل بەڵام پێشکەوتووترین کەرەستە سەربازییەکانی ئێرانی لەنێو برد، واتە توانایی بەرگریی ئاسمانی.
ماریا لوویسا فانتاپیە، سەرۆکی بەرنامەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە ئینستیتۆی کاروباری نێونەتەوەیی لە ڕۆم گوتی، "ئێران پێویستە بیرێکی دیکە لە ستراتێژیی بەکرێگیراوانی بکاتەوە. بەکرێگیراوەکانی لە جیات سامان، زۆرتر بوونەتە بارگرانی بۆ ئەو ڕێژیمە."
کاربەدەستانی تاران پارەیان لە میلیشیاکانی دوورەدەست خەرج کرد، ئەوان بە ئێرانییەکانیان گوت ڕایەڵەکە ئەمنییەتی چەند توێ دەبەخشن و "ئەوان لە جیاتی لە ماڵەوە، شەڕی دوژمنەکانیان لە دەروەی سنوورەکان دەکەن."
کاتێک هێرشی حەماس بووە هۆی هەڵایسانی ئاگری شەڕی ناوچەیی، ئەو دەلیل هێناوە تووشی تاقیکاریی بوو. لە ڕوانگەی فانتاپیەوە، ئەو بۆچوونە تووشی شکست بوو. ئەو گوتی، "ڕایەڵە بەکرێگیراوان ڕێگایەکی کاریگەر بۆ نیشاندانی دەسەڵات نییە. بەپێچەوانە، ئەوە نیشانەی لاوازی بوو."
لە چرکەساتەکانی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەددا لە ڕۆژی یەکشەممە، پلەبەرزترین کاربەدەستانی ئێران بێدەنگ بوون. کاتێک وەزارەتی کاروباری دەرەوە لێدوانێکی بڵاو کردەوە، جەختی لەسەر مێژووی دوورودرێژی پەیوەندیی نێوان ئێران و سووریە کرد.
وەزارەتەکە گوتی، "پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتی ئێران و سووریە، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەمیشە دۆستانە بووە. ئەو چاوەڕوانە ئەو پەیوەندییانە بە هەڵوێستێکی ژیر و دووربینانەی هەر دوو وڵات درێژەیان هەبێ."
کاتێک ئێران حەوتووی ڕابردوو هێزەکانی ورووژاند تا بەرگری لە ئەسەد بکەن، داوای لە هاوپەیمانانی کرد تا هێڵی پشتگیریی تاران لە حیزبوڵڵای لوبنان بپارێزن.
چەند ڕۆژ دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی شاری حەڵەب لە لایەن تاقمی چەکداری حەیات تەحیریر ئەلشام، عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، لە دیمەشق سەردانی ئەسەدی کرد، دوای کۆبوونەوە لە کۆشکی سەرکۆماریی، مێدیای ئێرانی وێنەی عێراقچییان لە نێو ڕێستورانێکی ناوەندی شار بە پەیامێکی هاوپشتییەوە بڵاو کردەوە.
بەڵام لەگەڵ بەردەوام بوونی پێشڕەوەییەکانی سەرهەڵداوان، نیگەرانیی ئێران زۆر زوو بەرەو پەشۆکان گۆڕا. عێراقچی لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی ئێران گوتی، "ئەوەی سەرسوڕهێنەر بوو بێتوانایی سوپای سووریە و خێرایی ڕووداوەکان لە سووریە بوو". ئەو گوتی تەنانەت ئەسەد، "لە دۆخی سوپاکەی خۆی پەشۆکا."
ڕۆژی هەینی، عێراقچی سەردانی بەغدای کرد تا پشتیوانیی کۆ بکاتەوە. بەڵام تا ئەوکاتی، کاربەدەستانی ناوچە و دیپڵۆماتەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە هێزەکانی ئەسەد شاری حەمایان دۆڕاندوە و لە شارۆچکەکانی دەرەوەی دیمەشق پاشەکشە دەکەن.
عێراق خۆی لە ناردنی هێز بوارد
کاربەدەستێکی عیراقی کە پەیووەندیی بە میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە هەیە گوتی، "وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە بێهیوایی عێراقی جێهێشت". کاربەدەستەکە گوتی، عێراقچی پێیوابوو بەغدا پشتگیریی لە تاران دەکات، وەکوو پێشدا کە لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووریەدا کردبووی و لە بیستنی بۆچوونی پێچەوانە "سەری سوڕ مابوو".
دیپڵۆماتێکی ناوچە گوتی، لە کۆتاییدا، ئێران بەو ئاکامە گەیشتبوو کە ئەسەد "گرەوێکی دۆڕاو بوو" و فەرمانی بۆ هێزە سەربازییەکەی و باڵوێزخانەکەی دەرکرد کە ئەوێ چۆل بکەن. دوای چوار دەیە هاوپەیمانی، تاران دەیهەویست دۆڕانەکانی کەم بکاتەوە.
فەرماندە و دیپڵۆماتەکانی ئێرانی بەپەلە خۆیان گەیاندە فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق. بەگوێرەی دیپڵۆماتێک و کاربەدەستێکی عێراقی، بەشێکی دیکە هەوڵیان دا لە ڕێگای زەمینییەوە خۆیان بگەیێننە لوبنان و عێراق.
ڕۆژی یەکشەممە، محەممەد قادری، لێکۆڵەرێکی ئێرانی بە ڕایەڵەی ئیڕنا، کە هەواڵدەریی فەرمیی کۆماری ئیسڵامیی ئێرانەی گوت، "دەوڵەتی سووریە و، بەڕێز بەشار ئەسەد بۆخۆی، ئیتر ویستی مانەوەیان نەمابوو." ئەو ئیددیعاکانی پشتتێکردنی ئێران لە هاوپەیمانە درێژمەوداکەی ڕەت کردەوە. ئەو گوتی، "ئێران تا دوایین چرکەسات پشتیوانی سووریە بوو."
بەڵام ڕەخنەی تاران پەرەی ئەستاند. بەشێک داوایان لە ڕێبەریی ئێران کرد وانە لە ڕووخانی ئەسەد وەرگرن.
عەبدوڵڕەزا داوەری، کە ڕاوێژکارێکی مەحمود ئەحمەدینژاد لە کاتی سەرکۆماریی ناوبراودا بوو لە "ئیکس"دا گوتی، "ئەزموونی کەوتنی شارەکانی سووریە وەکوو پوولی دۆمینە، وانەیەکی گرینگ پێیە." ئەو نووسی، "مەزنترین هاوپەیمانی هەر ڕێژیمێک خودی خەڵکەکەیەتی و ڕەزامەندیی خەڵک مەرجێکی پێویست بۆ مانەوە دژی هێرشی دەرەکییە."