کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە هەڕەشەی لە خەڵکی ناڕازی کرد

19:03 - 2 بەفرانبار 2724

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار لە وتارێکدا سەبارەت بە "بڵاوکردنەوەی گومان و تۆقاندن و ناتەبایی و نائومێدی" لە بارەی  دەسەڵاتەکەیەوە هۆشداری دا و جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ناڕازییان کرد و بە ئاژاوەگێڕ ناوی بردن.

خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا کە بۆ کۆمەڵێک مەداح پێکهاتبوو ئیدیعای ئەوەی کرد کە لە ئێستادا بڵاوکردنەوەی گومان سەبارەت بە دەسەڵاتەکەی یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی دوژمنە و داوای لە مەداحەکان کرد کە ڕووبەڕووی ئەو کارەی دوژمن کە بڵاوکردنەوەی ترس، ناتەبایی و نائۆمێدییە لە ناو خەڵکدا ببنەوە.

خامنەیی لە قسەکانیدا وتی دوژمنانمان ئێستا بەو شیکارییانە کە لەبارەی دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی دەیخەنە ڕوو ترس بڵاو دەکەنەوە و هۆشداری دا و ڕایگەیاند، کە ئەو جۆرە شیکارییانە "تاوانە" و دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئەم هەڕەشانە دوابەدوای زیادبوونی ڕەخنەی ناوخۆیی لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنەڕووی شیکارییەکان لەسەر بنەمای پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکانە و ئەگەری تەشەنەسەندنی بۆ ئێران، دەکرێن.

عەلی خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆرجار دوژمنان وایان ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزە نیابەتیەکانی لە ناوچەکەدا لەدەست داوە و ئیدعای کرد کە ئەوەش هەڵەیەکی دیکەیە کە لە بەرانبەر ئێمە دەیکەن، کۆماری ئیسلامی هیچ هێزێکی نیابەتیی نییە.

دوابەدوای لاوازبوونی حەماس و حیزبوڵڵا و ئەو پێشهاتانەی کە لە سووریە ڕوویان دا و بووە هۆی لەناوچوونی ئەو ڕێژیمەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لێ دەکرد، ئەگەری پەرەسەندنی ئەو ئاڵووگۆرە بەپەلانە بۆ ئێرانیش هەیە و ئەمەش ترسی بەرپرسانی ڕێژیمی زۆرتر کردووەتەوە.