کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: هیچ جۆرە وتووێژ و دانووستانێکمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی‌ لە ئارادا نیە

09:52 - 3 بەفرانبار 2724

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە  ڕوونکردنەوەیەکدا ڕوو بە بیروڕای گشتی، دەنگۆی دانوستانی نێوان خۆی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕەت کردەوە.

 

دەقی ڕونکردنەوەکە بەم جۆرەیە:

ڕوونکردنەوە:

چەندڕۆژ پێش ئێستا و لە وتارێکی ڕۆژنامەنووس ئەنوەر حسێن (بازگر) کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە و لەچەند سەردێرێکدا باس لە دۆخی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دەکات، لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند خاڵێک باس کراوە کە زانیارییەکانی هەڵە و ناڕاستن. نووسەر لە بەشێک لە بابەتەکەدا باس لە پرسێک بە ناوی "دانوستانەكانی نێوان حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و تاران لە بەغدا" و بێ‌ئاکام‌مانەوەی ئەم "دانوستانانە" دەکات!

لەم پێوەندییەدا ڕوو بە بیروڕای گشتی ڕادەگەیەنین؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێرای باوەڕی لەمێژینەی بە دیالۆگ و وتوێژ وەک ئەسڵ و پڕەنسیپێکی خەباتکارانە لەپێناو چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستانی ئێران، هیچ جۆرە وتووێژ و دانوستانێکی لەگەڵ ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نیە و هەروەها سیاسەت و پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتیش لە ئاست وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان، لەسەر ئەساس و بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان داڕێژراوە  و، هەر لەسەر هەمان ڕێچکە دەمێنێتەوە و دەچێتە پێش.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڕاگەیاندن

٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی

٢٣ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی