کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ٨٠ لەسەدی بنەماڵە ئێرانییەکان کەوتوونەتە ژێر هیڵی هەژارییەوە

10:39 - 3 بەفرانبار 2724

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، بە زۆربوونەوەی هەڵاوسان و گرانییە لەڕادەبەدەرەکان و هەروەها کەمبوونەوەی بایەخی ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلار، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

بەپێی هێڵی هەژاریی دیاریکراو لەلایەن بانکی جیهانییەوە بۆ ئابووریی هاوتەرازی ئێران، یەک بنەماڵەی سێ کەسێ بە داهاتی ڕیاڵی لە ئابووریی دۆلاری لە ئێران پێویستی بە داهاتێکی مانگانەی ٤٠، ٥٠ میلیۆن تمەنی هەیە تاکوو هەژار بەئەژمار نەکرێ.

دەرخستنی ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە هەقدەستی کرێکارێک کە یاسای کار دەیگرێتەوە لە ئێراندا نزیکەی ١١ میلیۆن تمەن بووە کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ هێڵی هەژاریی جیهانی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئیدارە و بانکەکانیش بە مووچەی لانیکەم ٣٥ میلیۆن تمەن لە مانگێکدا لەژێر هێڵی هەژاریی دیاریکراوی جیهانیدان.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نرخی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٢ بە ڕێژەی ٣٠.١ لەسەد بەرز بووەتەوە کە نیشاندەری نەبوونی توانایی یەک لە سەر سێی بنەماڵە ئێرانییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیانە.

لەلایەکی دیکەوە کارناسانی ئابووری و ڕەخنەگران، ئەم ئامارە بە ڕاستەقینە نازانن و بە پشتبەستن بە کەمبوونەوەی پارەی ئێران و کەمتوانابوونی خەڵکی ئێران بۆ کڕین، ئامارە ڕاستەقینە سەرووی ٤٠ لەسەد ڕادەگەیێنن.