ئەحمەد ئەلشەرع، ڕێبەری نوێی سووریە، ڕایگەیاندووە کە دەبێت هەموو لایەنەکان لە سووریە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
ئەلشەرع ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیە، وتی: "دەبێت هەموو لایەنەکان لە سووریە، لەوانە هێزەکانی دێموکراتیکی سووریەش، چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن".
ناوبراو زیادیشی کردووە کە ئەوان ڕیگە نادەن هیچ چەکێک لە دەرەوی دەسەڵاتی دەوڵەت بوونی هەبێت و جەختیشی کردووەتەوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا گرووپە چەکدارەکان هەڵدەوەشێنەوە و پەیوەست بە ئەرتەشی سووریەوە دەبن.
ئەم قسانەی ئەلشەرع لەکاتێکدایە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیە لە پاش ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەدەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیکدایە زیاتر کردووە.
هێزەکانی سووریەی دێموکرات بە ڕێبەرایەتیی کوردانی ڕۆژاوا، گرینگترین هاوبەشی هێزە هاوپەیمانەکان لە شەڕی دژ بە داعشدا بوون.
لە پاش ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد و هەروەها بەهۆی هێرشی چەکدارانی سەر بە تورکیە بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە، داعش توانی لە بۆشاییەکانی هێز لە هێندێک لە ناوچەکانی سووریە کەڵک وەربگرێت و جموجۆڵەکانی دەست پی بکاتەوە.
ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ڕۆژانی رابردوودا چەند هێرشێکیان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە سووریە ئەنجام داوە.