سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرووپی حوسییەکانی بە هەڕەشە بۆ سەر کەشتیوانیی جیهانی و نەزمی نێودەوڵەتی ناو برد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە کردەوەکانی لە دژی ئەم گرووپە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە یەمەن پاڵپشتی دەکرێ بەردەوام دەبێت.
بێنیامین نێتانیاهۆ لە ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار بڵاوی کردەوە، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە وەک چۆن ئیسرائیل بە هێزەوە دژی لقە تێرۆریستییەکانی میحوەری مقاومەتی ئێران مامەڵەی کردووە، دژی حوسییەکانیش کردەوەی سەربازی دەبێت.
ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژێک دوای ئەوەی کە حوسییەکان بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەکێک لە یەمەنەوە تێلاڤیڤیان کردە ئامانج، بڵاو کرایەوە. مووشەکەکە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل تێپەڕی و لە پارکێکدا تەقییەوە و چەند کەسێکی بە سووکی بریندار کرد.
هەروەها دوای ئەو هێرشە، ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانیی وردی بۆ سەر کۆگایەکی مووشەکی و ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی سەر بە حوسییەکان لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەن ئەنجام داوە.
لە لایەکی دیکەوە پێنجشەممەی ڕابردوو فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل سەنعای پایتەختی یەمەن و بەندەری حودەیدەیان کردە ئامانج و زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر ژێرخانەکانی وزە.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا حوسییەکانی سەر بە ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە بە ئاوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دەریای سووردا تێدەپەڕن و ئیدعای پشتیوانیی فەلەستینییەکان لە غەززە دەکەن.