کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێویستە سووریە هەڵسوکەوتەکانی خۆی بگۆڕێت

19:14 - 13 سەرماوەز 2724

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەز داوای لە دەمێشق کرد کە هەڵسوکەوتەکانی خۆی بگۆڕێت و جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی واشنگتۆن بەرامبەر بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

موتیۆ میلێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە و خەڵکی سێڤیل بپارێزت و دواجاریش دەیەوێت پرۆسەیەکی سیاسی لە سووریە ڕوو بدات کە گەلی سووریە بتوانێت سەرکردەکانی خۆیان هەڵبژێرن.

میلێر هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت هەموو وڵاتان کاریگەریی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریە، بەتایبەتی دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ڕێژیمی دەمێشق. بەکار بهێنن .

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای ئاماژەدان بە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریە لە ئەگەری گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی، ئاماژەی بەوەش کرد، واشنگتۆن دەیەوێت هەموو وڵاتان کاریگەریی خۆیان بەکار بهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی و دواجار بەدیهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی لە سووریە.

میلێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوای لە ئێران و ڕووسیە کرد کە دەست لە دەستێوەردان لە سووریە هەڵبگرن و ئەو دەستێوەردانانەی بە هۆکاری سەرەکیی ئەو ئاڵۆزییانە زانی.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممەوە کە ڕووبەڕووبوونەوە و بۆردومانەکان ڕوویان داوە، تا ئێستا جگە لە ٩٢ هاووڵاتیی مەدەنی ۵۱۴ کەس کوژراون کە زۆربەیان هێزی چەکدارن.