کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یێسرائیل کاتس: حیزبوڵڵا پاشەکشێ نەکات یەکجاری لەنێوی دەبەین

12:13 - 3 بەفرانبار 2724

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە ئەگەر حیزبوڵڵای لوبنان هێزەکانی تا پشت ڕووباری "لیتانی" پاشەکشێ پێ نەکات، ئیسرائیل ئەم گرووپە لە نێو دەبات.

یێسرائیل کاتس کە بۆ سەردانی هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل خۆی گەیاندبووە باشووری لوبنان، وتی: "ئێمە تاکوو ئیستا ژەهری مارەکەمان گرتووە بەڵام ئەگەر حیزبوڵڵا ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە پێشێل بکات و تا ڕووباری لیتانی پاشەکشێ نەکات، بۆ لەنێوبردنی مارەکە هیچ دوودڵییەک ناکەین".

کاتس لە درێژەدا زیادی کردووە کە ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە ڕێگە نادات کە حیزبوڵڵای لوبنان بگەڕێتەوە بۆ گوندەکانی باشووری لوبنان و ژێرخانە تێرۆریستییەکانی خۆی لەو ناوچانەدا سەرلەنوێ دروست بکاتەوە.

پاش هێرشی زەمینیی ئەرتەشی ئیسرائیل لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا بۆ سەر خاکی لوبنان و تێکشکاندنی زۆربەی بنکە و بارەگاکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، سەرەتاکانی مانگی سەرماوەز بە نێوبژیوانیی ئەمریکا و فەرانسە ئاگربەست لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، لوبنان دەبێت بڕیارنامەی ١٧٠١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکات.

بڕیارنامەکە داوا لە لوبنان دەکات کە هێزە فەرمییەکانی لوبنان سنوورەکانی نێوان دوو وڵات کۆنتڕۆڵ بکەن و هەروەها میلیشیاکانی حیزبوڵڵا چەک بکرێن و لە باشووری لوبنان بەرەوە ڕووباری لیتانی دوور بخرێنەوە.

پاش هێرشی تێرۆریستیی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و کوشتنی ١٢٠٠ کەس و بە بارمتەگرتنی زیاتر لە ٢٢٠ کەس، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ کرد.

حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پشتیوانیی لە حەماس لە پاش دەسپێکی ئەو شەڕە بەردەوام ناوچە باکوورییەکانی ئیسرائیلی مووشەکباران دەکرد کە بەهۆی ئەم مووشەکبارانەوە دەیان هەزار کەس لە نیشتەجێیانی ئەو ناوچانە ماڵەکانی خۆیانیان بەجێ هێشت.

ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم هێرشانە ڕێبەری حیزبوڵڵا و جێگرەکانی و هەروەها زۆربەی فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپەی کوشت و هەموو بنکە و بارەگاکانی لە باشووری لوبنان تێک شکاند.