کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵانە ٥٠ هەزار قوتابی لە ئێران کۆچ دەکەن

19:18 - 3 بەفرانبار 2724

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم باسی لە کۆچکردنی ساڵانەی ٤٠ تا ٥٠ هەزار قوتابی لە ئێران کردووە.

ئەحمەد بیگدڵی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە  قوتابییانی قۆناغی دواناوەندی پاش ئەوەی کە لە ئەزموونی "کونکوور"دا سەرکەوتوو نابن، لە ئێران کۆچ دەکەن.

ناوبراو زیادی کردووە کە لە ئێستادا ٢٥ هەزار قوتابی و خوێندکاری ئێرانی لە شاری ئێستانبولی تورکیەدان کە تێچووی خوێندن و هاتووچۆی هەر یەکیان نزیک بە ٢ میلیارد تمەن دەبێت و بەم پێیە دراوێکی زۆر بەم شێوەیە لە ئێران دەچیتە دەرەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم ڕەخنەی لە سیستمی پەروەردەی ڕێژیم گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم سیستمە هۆکاری سەرەکیی ئەم دیاردەیە.

لەکاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیم زۆربەی هۆکارەکانی کۆچی قوتابییان و خوێندکاران بۆ سیستمی پەروەردە دەگەڕێننەوە کە بە بڕوای کارناسان بێهیوایی لە داهاتوویەکی ڕوون و نەبوونی ئازادی لە ئێران سەرەکیترین هۆکارەکانی چوونە دەرەوەی خوێندکاران و قوتابییان لە ئێرانە.