کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دەستێدابوونی ئەو وڵاتەی لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران پشتڕاست کردەوە

11:03 - 4 بەفرانبار 2724

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل لە پشت تێرۆری ئیسماعیل هەنییە لە تاران بووە و ئەمە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی فەرمیی ئیسرائیل ئەو بابەتەی بە شێوەی ئاشکرا پشتڕاست دەکاتەوە.

یێسرائیل کاتز شەوی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، وتی کە ئیسرائیل زەربە لە حوسییەکان و ڕێبەرانی ئەو گرووپە دەدات. هەر وەک لە ڕابردوودا کەسانی دیکەی وەک ئیسماعیل هەنییەی لە تاران لەنێو بردووە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بۆنەیەکی سەربازیدا وتی: ''هەمان ئەو کارەی لەگەڵ هەنییە و سەنوار و نەسروڵڵا لە تاران و غەززە و لوبنان کردمان، لە حودەیدە و سەنعاش هەمان شت دەکەین''.

ئیسرائیل پێشتر بە ڕاشکاوی بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە نەگرتبووە ئەستۆ، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەستبەجێ هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئیسرائیل و دوای نزیکەی دوو مانگ، بۆ جاری دووهەم لە ماوەی شەش مانگدا، سەدان مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

یێسرائیل کاتز هەروەها لە قسەکانیدا وتی: ''ئێمە حەماسمان تێک شکاند، حیزبوڵڵامان تێک شکاند، سیستەمی بەرگری ئێرانمان کوێر کرد و سیستەمی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانمان لێ دا، ڕێژیمی ئەسەدمان لە سووریە ڕووخاند، گورزێکی سەختیشمان لە میحوەری ئاژاوەگێڕی داوە.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، حوسییەکانی وەک دوایین گرووپێک کە ماوەتەوە ناو برد و وتی وڵاتەکەی زەربەیەکی سەخت لەوان دەدات.

چەند کاتژمێرێک بەر لە لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەروەها ئاماژەی بە لابردنی سەرکردە و بەرپرسانی حەماس و حیزبوڵڵا کرد و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چاو لەسەر ئێران هەڵناگرێت.