بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بەردەوامیی دابەزینی بەهای ڕیاڵ، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا بە تێپەڕکردنی ٧٨ هەزار تمەن بۆ جارێکی تر لە ماوەی دوو مانگدا ڕێکۆردێکی نوێی تۆمار کرد.
هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن، عەبدولناسر هێمەتی، وەزیری ئابووریی ڕێژیم ڕایگەیاند کە جیا لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە و جیهان، بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری، هەڵاوسان و نەگەڕانەوەی دراو بۆ نێو وڵات بەهای تمەن دابەزیوە و نرخە ڕاستەقینەکەی لە نزیک ٧٣ هەزار تمەندایە.
هێمەتی لە درێژەی قسەکانیدا زیادی کردووە کە ئەم نرخی ٧٣ هەزار تمەنە تەنیا بۆ کاتێکە کە بارودۆخەکە ئاسایی بێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئیران و ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم هۆکارانە نرخی دۆلار گەیشتووەتە ئەم نرخەی ئێستا.
قسەکانی هێمەتی سەبارەت بە خوارترین نرخی دۆلار لە ٧٣ هەزار تمەندا، کاردانەوەی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم و بەرپرسانی ڕێژیمی لێ کەوتەوە.
بەرپرسانی ڕێژیم لە سەر ئەو بڕوایەن کە نرخی ڕاستەقینەی دۆلار لە ٧٣ هەزار تمەن کەمترە و ئەم نرخانە هۆکاری دەرەکییان لە پشتە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت کە لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە هاتنەسەرکاری ترامپ و ئەگەری گەڕاندنەوەی گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بەهای تمەن زیاتر لە ئێستا دابەزین بە خۆیە ببینێت و لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا تا ١٠٠ هەزار تمەن بەرز ببێتەوە.