کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەستبوونی بەندیخانەی ڕوودسەر بە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان

12:08 - 4 بەفرانبار 2724

ژمارەیەک لە بەندکراوانی بەندیخانەی ڕوودسەر لە پارێزگای گیلان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە لەمەبەدوا بەشداری لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان دەکەن و لەم ڕۆژانەدا مان لە خواردن دەگرن.

لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە نزیکبوونی سەری ساڵی زایینی هاتووە "لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران لانیکەم ٩٥٣ کەسی تەنیا بە لە سێدارەدان کوشتووە کە ٣٣ کەسیشیان ژن بوون.

بەیاننامەکە زیادی کردووە کە کۆماری ئیسلامی ٩٦ هاووڵاتیی کورد و ١٠١ هاووڵاتیی بەلووچی لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا لە سێدارە داوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا و بە ئاماژەدان بەوەی کە حکوومەت توانای چارەسەکردنی قەیرانەکانی نییە و زۆربەی ئیدارە و دامەزراوەکانی بەهۆی نەبوونی وزەوە لە کار خستووە و پشووی سەرتاسەری ڕاگەیاندووە، هاتووە کە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان تەنیا شتێکە کە بەبێ ڕاوەستان و پشوو بەردەوامە و ماشینی کوشتاری ڕێژیم ڕاوەستانی بۆ نییە.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان کە لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە بەمەبەستی ناڕەزایەتی بە لە سێدارەدانەکانی ڕێژیم دەستی پێ کردووە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە ٤٨ـەمین حەفتەی کەمپەینەکەدا بەپێوەستبوونی بەندیخانەی ڕوودسەری گیلان لە ٢٨ بەندیخانەی ڕێژیم لە سەرتاسەری ئێراندا بەڕێوە دەچێت.