دوو پزیشکی سووری و پەرستارێک بە هەواڵدەریی فەرانسەیان ڕاگەیاندووە، دوای هێرشە کیمیاییە کوشندەکەی ساڵی ٢٠١٨ بۆ سەر شاری دومای گەمارۆدراو، ڕێژیمی بەشار ئەسەد ناچاری کردوون شایەتیی درۆ بدەنە لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان.
ئەو سێ کەسە کە لە نەخۆشخانەیەکی سەحرایی لە دوما کە شارێکی ژێردەستی دژبەرانی بەشار ئەسەد بوو چارەسەری قوربانیانی کیمیابارانیان دەکرد، ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز ئیدعای ئەوەیان کرد کە ڕێژیمی ئەسەد بانگهێشتی بارەگای ناوەندی ئەمنییەتی نیشتمانی لە دەمشقی کردوون و هەڕەشەی کوشتنی لێ کردوون کە نابێ شایەتی ئەوە بدەن کە هێرشی کیمیایی ڕووی داوە.
ڕێژیمی بەشار ئەسەد هێرشی کیمیایی ڕەت کردووەتەوە و دەزگا ئەمنییەکان لێپرسینەوەیان لە هەموو ئەو کەسانە کردووە کە لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا بینراون، ئەو سێ کادرە پزیشکییەش لێپرسینەوەیان لێ کراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هەواڵدەریی فەرانسەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە.
ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکانیدا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێژیمی بەشار ئەسەدی بە بەرپرسی ئەو هێرشە ناساند کە تێیدا ٤٣ کەس کوژران.
پشکێنەرانی ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیاندا نووسیویانە بەڵگەی متمانەپێکراو هەیە کە دەیسەلمێنێت لانیکەم هێلیکۆپتێرێکی ئەرتەشی سووریە دوو کەپسوول کە گازی ژەهراویان تێدابوو لەم شوێنەدا خستووەتە خوارەوە.