بی بی سی ڕیزبەندی ژنانی کاریگەری ساڵی ٢٠٢٤ی خۆی بڵاو کردەوە کە ئەم لیستە بۆ ئەمساڵیش ژنێکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە.
لەم ڕیزبەندیەدا، ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان و خەڵکی شاری سنە کە هەر ئێستا لە بەندیخانەی ئەم شارەدا خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەیەتی، وەکوو یەکێک لە کاریگەرترین ژنانی ساڵی ٢٠٢٤، ناسراوە.
بی بی سی بە سەرنجدان بە تێچووی قورسی چالاکییەکانی ژنان لە ساڵی ڕابردوودا کە بە خۆڕاگرییەوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە هەوڵ دەدەن، بە بڵاوکردنەوەی ڕیزبەندی ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهان، ڕێزی لەم ژنانە گرتووە.
لە ڕیزبەندی ساڵی ٢٠٢٤دا، ناوی ژینا مودەڕس گورجی وەکوو چالاکی بواری ژنان و دامەزرێنەی ئەنجومەنی ژنانی "ژیڤانۆ" هاتووە.
بی بی سی بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕیزبەندیە ڕایگەیاندووە کە ژینا مودڕس گورجی لە سەرەتای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە دوو جار دەسبەسەر کراوە و جاری یەکەم بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١٦ مانگ سزای بەندکران، لە بەندیخانەدایە.
ژینا مودەڕس گورجی یەکێک لە ئەندامانی کەمپەینی "یەک میلیۆن واژۆ" بوو کە بە ئامانجی ڕاکێشانی پشتیوانیی گشتی بۆ گۆڕینی ئەو یاسانەی کە هەڵاواردنی دژ ژنانی تێدایە، پێک کات.
بی بی سی پێشتریش لە ڕیزبەندی ساڵی ٢٠٢٢ی خۆیدا، زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنەی وەکوو یەکێک لە ژنانی کاریگەری جیهان ناساندبوو.