کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ئەفسەرانی خەباتگێڕ لە هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا

22:52 - 4 بەفرانبار 2724

ڕۆڵی ئەفسەرانی خەباتگێڕ لە هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا

ناسر ساڵحی‌ئەسڵ

   نازناوی "پێشمەرگە" بۆ یەكەم جار، لە بارەگای پێشەوای مەزنی كوردان "قازی محەممەد"، سەركۆماری كوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد، بۆ ڕۆڵەی كورد كە لە پێناوی وەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەری، ڕزگاری لە ژێردەستی و ستەمی نەتەوایەتیی گەلی كورد، پارێزگاری لە هێماكانی نیشتمان و خاك گیانی خۆی فیدا دەكا، دیاری كرا. بۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كۆڵەكەی خەباتی نەتەوەی كوردە كە ورە بە خەباتی جەماوەریی گەلی كورد لە شار و شەقام دەدات. هەروەها لە سەردەمی كۆماری كوردستانەوە تا ئێستا هەر كات خەباتی پێشمەرگانە لە ئارادا بووە، هەموو ڕەهەند و شێوەكانی خەباتی جەماوەریی گەشەی سەندوە و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەمیشە پشتیوانییان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردوە.

لە مێژووی خەباتی پێشمەرگانەدا باسكردن لە ڕۆڵی ئەفسەرانی خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەر، شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی كورد لە "هێزی پێشمەرگەی كوردستان" لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا، كە هەم لە مێژووی‌ هاوچەرخی‌ خەباتی‌ سیاسی_نەتەوایەتیی‌ گەلی‌ كورددا جێگە‌ و پێگەیەكی‌ تایبەتییان‌ هەیە و هەم وەكوو ڕووداوێكی‌ گرینگە لە خەباتی‌ پڕ لە شانازی چەكداری‌ دژ بە دەسەڵاتی‌ سەرەڕۆی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، پێویستی بە لێكۆڵێنەوە و وردبوونەوەی زیاتر هەیە. هەر بۆیە لێرەدا بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی "پێشمەرگەی كوردستان" بە كورتی باس لە كاریگەری و كاردانەوەی ڕۆڵی ئەفسەرانی خەباتگێڕی كورد لە بەرەوپێشچوون و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خەباتی چەكداریی و نەتەوایەتی_دێموكراتیكی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین.

پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، پەیوەستبوونی پۆلێك لە ئەفسەرانی خەباتگێڕ‌ و نیشتمانپەروەری كورد بە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بە تایبەت بە ڕیزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە قۆناغێكی گرینگ لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی ‌و نەتەوەیی و دێموكراتیكی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەژمێردرێ. بە خۆڕێكخستنەوەی سەر لە نوێی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەژێر تیشكی ڕێنوێنییەكانی ڕێبەری مەزن دوكتور قاسملووی نەمر، بەشێك لە ئەفسەر و دەرەجەدارانی شۆڕشگێڕی كورد، لە كاتی خۆپێشاندانەكانی گەلانی ئێران و بەشێكی دیكە پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لەگەڵ كۆمیتەكانی حیزبی دێموكرات لە شارەكانی كوردستان و بە تایبەت لەگەڵ ڕێبەری ناوداری كورد شەهید دوكتور قاسملوو، پەیوەندیان گرت و وەك پێشمەرگە و ئەندامی چالاكی ڕیزەكانی حیزبی دێموكرات، تێكۆشانی سیاسیی_نیزامیی خۆیان دەست پێ كرد. هەر بۆیە تێكەڵبوونی ئەفسەرانی خەباتگێڕ و ئازادیخوازی كورد لە شۆڕش و ڕاپەڕینی‌ خەڵكی مافویستی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دابینكردنی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەكانی و ئازادی و دێموكراسی لە ئێراندا، هەڵوێستێكی‌ شۆڕشگێڕانە، لاپەڕەیەكی‌ زێڕین لە خەبات بۆ مافە سیاسی_ نەتەوایەتییەكان‌‌ و مێژوویەكی‌ پر لە شانازیە لە خەبات بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

پاش بەتاڵانبردنی دەسكەوتەكانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە لایەن لایەنگرانی خومەینییەوە، ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات‌گەیشتووی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە لایەك بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی لەگەڵ ئەو فەزا ئازاد و دێموكراتیكە دەكرد كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێك‌هاتبوو، لە لایەكی دیكەوە هیچ باوەڕێكی بە چارەسەركردنی ئاشتیخوازانەی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەكانی نەتەوەكانی ئێران و بە تایبەت مافی سیاسی و نەتەوایەتیی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەبوو. هەر بۆیە ڕێژیمی خومەینی، هێزە گۆپاڵ‌بەدەستەكانی وەك كومیتەچی و پاسدارەكانی بۆ شەڕ و ئاژاوەنانەوە، ڕەوانەی كوردستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران كرد. بە هەڵگیرساندنی شەڕ لە شاری سنە، پاوە و نەغەدە و سەرئەنجام بە ڕاگەیاندنی فتوای جیهاد بە دژی نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ویستی كە هەم ئەم فەزا ئازاد و دێموكراتیكەی كوردستان تێك‌وپێك بدا و هەم بە چاو سووركردنەوە، نەتەوەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ویست و داخوازییە نەتەوەییەكانی پاشگەز بكاتەوە. بۆیە ڕێژیمی ئێران بۆ داگیركردنەوەی شار و گوندەكانی كوردستان بە فڕۆكە و تانک و تۆپ هێرشێكی وەحشییانەی گرتەبەر. هەروەها ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی دەستی كرد بە گرتن و كوشتاری خەڵكی سڤیل و ئاشتیخواز و مافویستی گەلی كورد و بە هەزاران کەسی گرت و  لە زیندانەکاندا ئێعدامی بەكۆمەڵی وەڕێ خست. خەڵكی سڤیلی سەدان گوند قەڵاچۆ كران و بە میلیاردها تمەن زیان بە سەروەت و سامانی گشتی و نەتەوەیی خەڵكی كورد كەوت.

لە وەها بارودۆخێكدا بەشێکی گرینگ لە ئەفسەر و دەرەجەدارانی مافویستی كورد بە دیتنی پێشێلكردنی‌ تەواوی‌ مافە نەتەوەیی، سیاسی، فەرهەنگی ‌‌و مرۆییەكانی‌ نەتەوەی‌ كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە لایەن ڕێژیمی‌ كۆماری ئیسلامییەوە ‌‌و هەنگاونانی‌ ئەو ڕێژیمە بۆ زیاتر میلیتاریزەكردنی‌ كوردستان، هەروەها گرتنەبەری‌ سیاسەتی‌ ڕاوەدوونان‌ و گرتن‌ و ئەشكەنجە‌ و زیندانیكردنی‌ مافخوازانی‌ كورد لە لایەن ڕێژیمەوە، هاتنە سەر ئەو باوەڕە كە تەنیا ڕێگا دژ بە دەسەڵاتی‌ ڕەش و سەرەڕۆ‌ و دیكتاتوری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی خەباتی‌ چەكدارییە. لە وەها هەلومەرجێكدا ئەفسەرانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی كورد بە گرتنی پادگانی مەهاباد وەك بنكەیەكی سەرەكیی سەركوتی خەڵك ڕۆڵی بەرچاویان بینی. هەر بۆیە پاش كۆتایی هاتنی كۆنگرەی چوارەمی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران چەند كەس لە ئەفسەرانی شۆڕشگێڕ بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران و بەشێكی دیكەیان دوای كۆنگرە، لە شوڕای نیزامی حیزبی دێموكراتدا لە پێگەیاندنی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی هەمیشە بۆ ئەفسەرانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی كورد لە بۆسە و پیلانگێڕیدا بێ، بۆ ئەوەی بتوانێ لەنێویان بەرێ، یان لە مەیدانی بە كردەوەی خەبات دووریان خاتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامی لە یەكەمین كردەوەی چەپەڵی خۆیدا پاش داڕشتنی پیلانێكی دژە مرۆیی، سەرئەنجام توانی شەهیدان سەرگورد حەبیبوڵڵا عەبباسی و سەروان ئەحمەد چەڵەبی لە بنكەی شوڕای نیزامی حیزبی دێموكرات لە شاری مەهاباد بە فێڵ و تەڵەكە تێرۆر بكات. ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی پاش ئەو تێرۆرە، دەیان و سەدان كردەوەی تیرۆریستی دیكەی لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستان بە دژی ئەفسەرانی شۆڕشگێڕی كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێوە برد. بەڵام بۆ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی دەركەوت كە بە گرتنەبەری تێرۆر و گرتن و ئیعدامی ئەفسەرانی خەباتگێڕ و ئازادیخوازانی كورد، خەڵكی كورد لە ئامانجەكانی پاشگەز نابێتەوە، بەڵكوو ورە و باوەڕی خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافە سیاسی و نەتەوایەتییەكان، زیاتر و بە گوڕو تین تر دەكات. چونكە لە ڕەوتی خەباتی خوێناویی نەتەوەی كورددا بینراوە، كە ئەفسەر و دەرەجەدارانی شۆڕشگێڕی كورد هەم بوونەتە سیمای پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەكەیان -كە لە مێژوویی هاوچەرخی سیاسیی كوردستاندا جێگە‌ و پێگەی تایبەتییان هەیە- و هەم بە هەزاران ڕۆڵەیان لە تێكۆشەرانی كورد پێگەیاندوە. ئەفسەرانی شەهیدی وەك: شەهید سەرگورد حەبیبوڵڵا عەبباسی خەڵكی مەهاباد و بەرپرسی شووڕای نیزامی، شەهید سەرگورد كەریم عەلیار، بەرپرسی كۆمیسیۆنی پێشمەرگە و خەڵكی بۆكان، شەهید سەروان ئەحمەد جاویدفەر" كاك هەژار" خەڵكی مەهاباد، شەهید سەروان خەلیل زەرع ناسراو بە خەلیل خەلەبان خەڵكی كرماشان و فڕۆكەوان، شەهید سەروان حاتەم دوعاخوان فڕۆكەوان و خەڵكی ورمێ، شەهید سەروان ئیقباڵ كەریم نژاد خەڵكی سنە، شەهید سەروان ئەحمەد چەڵەبی خەڵكی مەهاباد، شەهید سەروان عەبدوڵڵا ئەفشین خەڵكی بۆكان، شەهید خەلیل مورادی خوێندكاری فڕۆكەوانی و خەڵكی سەقز، شەهید سەروان ئیبراهیم ئەحمەدی خەڵكی شاری سنە،  شەهید سەروان تەحسین برومەند خەڵكی پاوە، نەمر سەرهەنگ ئەحمەد ڕەبیعی ناسراو بە كاك چیا خەڵكی مەهاباد و شەهید سەروان چەكۆ ڕەحیمی خەڵكی مەهاباد، پۆلێك لەو ئەفسەر و دەرەجەدارە نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون كە بۆ هەتا هەتایە لە لاپەڕەكانی پڕ لە شانازیی مێژوویی خەباتی ڕەوای نەتەوەی كورددا ڕێگا و ڕێبازیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

بێگومان كاریگەری‌‌ و شوێندانەریی‌ ئەفسەرانی نیشتمانپەروەر، خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕ لە خەباتی ڕەوای نەتەوەی كورد بۆ مافە سیاسی و نەتەوایەتییەكان، بۆتە حەقیقەتێك ‌و هێمایەك بۆ خەباتی‌ ڕەوای نەتەوایەتی گەلی كورد. ئێستا خەڵكی كوردستان و بە تایبەت نەوەی نوێی بزووتنەوە ژینا "ژن . ژیان . ئازادی"، شانازی‌ بە ڕێگا‌ و ڕێبازی‌ ئەفسەرانی نیشتمانپەروەر، خەباتگێڕ و ئازادیخوازی کورد دەكەن و تا گەیشتن بە ئامانجەكانی ئەو شەهیدانە لە تێكۆشان و خەبات لە پێناو مافە سیاسی و نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە شار و شەقام لە شكڵ و شێوەی جۆراوجۆردا بەردەوام دەبن.

لە ڕۆژی "پێشمەرگەی كوردستان"دا یاد و ناوی ئەفسەرانی شەهید بۆ نەوەی نوێ دەبێتە هەوێنی خەباتگێڕانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ڕزگاریی كوردستان و ڕێگا و ڕێبازیان بۆ هەمیشە لە زەینی خەڵكی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و خەبات و بەرخۆدان لە شێوە و شكڵی جۆراوجۆردا بۆ وەدێهێنانی ئامانجەكانیان تا سەركەوتن بەردەوام دەبێت.