ئەسعەد حەسەن ئەلشەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریە، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی ئێران دا کە خۆی لە ورووژاندنی ئاژاوەگێڕی لە سووریە بەدوور بگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەلشەیبانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریە و سەروەریی ئەم وڵاتە بگرێت.
ناوبراو لە درێژەی ئەم پۆستەدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردەوە، هۆشداریی دا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە لێکەوتەی لێدوانەکانیان سەبارەت بە سووریە بەرپرسیارن.
ڕاگەیاندنی ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی مانگی سەرماوەزدا ئیدعای ئەوەی کرد کە دژبەرانی ئەسەد کە دەستیان بەسەر ئەو وڵاتدا گرتووە، هەر یەکەیان یەک ئامانجیان هەیە، هەندێکیان لە باکوور یان لە باشووری سووریە بە دوای داگیرکردنی ئەو خاکە دەگەڕێن.
خامنەیی لەمبارەوە وتی: ناوچە داگیرکراوەکانی سووریە لەلایەن گەنجە بە پەرۆشەکانی سووریەوە ئازاد دەکرێن؛ گومان لەوە مەکەن کە ئەمە ڕوو دەدات.
هەر لەو پێوەندییەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٣ی بەفرانبار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ''هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای سووریە نییە''، بەڵام ڕۆژیک دواتر وتی کە لە حاڵی وتووێژ بۆ کرانەوەی باڵوێزخانەکانیانن.
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمێشق لەلایەن خەڵکەوە هێرشی کرایە سەر و زیانێکی زۆری پێ گەیشت.