کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان

10:31 - 5 بەفرانبار 2724

لە درێژەی دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هێمن بەهرامی" و "سۆران ئەرشەد"، هەر دووکیان خەڵكی گوندی "گڵۆڵانی سەرێ" سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

هەر لەم ڕۆژەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "کاوە ئوستوار" خەڵكی گوندی "عەباس ئاباد"ی بۆکانیش لەلایەن ‌هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم سێ هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کراون و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.