هه‌واڵده‌ریی بلومبێرگ له ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کرده‌وه که حوسێن شه‌مخانی کوڕی عه‌لی شه‌مخانی، ڕاوێژکاری عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری ڕێژیم له ڕێگه‌ی قاچاخه‌وه خه‌ریکی هه‌نارده‌کردنی چه‌کوچۆڵ بۆ ڕووسیهیە.
ڕۆژی سێشه‌ممه ٤ی به‌فرانبار، هه‌واڵده‌ریی بلومبێرگ له دووتوێی ڕاپۆرتێکدا نووسیویه‌تی: "حوسێن شه‌مخانی به بێده‌نگی خۆی خزاندووه‌ته‌وه نێو سیسته‌می ماڵیی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و له‌گه‌ڵ گرووپێکی بازرگانی خه‌ریکه له ڕێگه‌ی ده‌ریای خه‌زه‌ره‌وه چه‌کوچۆڵی ئێران بۆ ڕووسیه به شێوه‌ی قاچاخ ڕاده‌گوێزێت هه‌تا له شه‌ڕ دژی ئۆکراین یارمه‌تیی ڕووسیه بکات ".
له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه، کوڕی ڕاوێژکاری عه‌لی خامنه‌یی له ڕێگه‌ی شیرکه‌تی که‌شتیوانیی "کریۆس" که لە دۆبه‌ی جێگیر بووه، خه‌ریکی ڕاگواستنی مووشه‌ک، دڕۆن و که‌لوپه‌لی نیزامی بۆ ڕووسیەیە.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌رپرسانی بریتانیایی، ئورووپایی و هه‌ندێک که‌س که زانیاریی وردیان له باره‌ی ئه‌و مامه‌ڵانه‌وه هه‌یه، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی کە ڕووسیه پاره‌ی ئه‌و چه‌کوچۆڵانه له ڕێگه‌ی پاره‌ی نه‌وته‌وه ده‌دات، پشتڕاست کرده‌وه.
ئه‌و هه‌واڵده‌رییه له به‌شێکی دیکه‌ی ڕاپۆرته‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه کردووه؛ ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی حوسێن شه‌مخانی له‌گه‌ڵ ڕووسیه نیشانده‌ریی کاناڵێکی به‌ربڵاوی بازرگانی جیهانییه و له‌و ڕێگه‌وه سامانێکی له‌ڕاده‌به‌ری په‌یدا کردووه.
به وته‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه دوو که‌شتیی دیکه به ناوه‌کانی "تووکا و رووژا" که سه‌ر به کاناڵه که‌شتیوانییه‌کانی "ناوگان ئهشباحـ"ـن و پێشتر له ده‌ریاکانی مه‌دیته‌رانه و ڕه‌شدا جێگیر بوون، له‌ناکاو له ساڵی ٢٠٢٣وه بۆ ده‌ریای خه‌زه‌ر ڕاگوێزراون و له‌و کاته‌وه هه‌تا ئێستا له نیوان ڕووسیه و ئێران‌دا له هاتوچۆدان و لانیکه‌م ٥ جار باری چهکوچۆلیان له ئێرانه‌وه بۆ ڕووسیه ڕاگواستووه.
پێشتر له‌لایه‌ن چه‌ندین ماڵپه‌ڕ، هه‌واڵده‌ری و کانالێکهوه ناوی حوسێن شه‌مخانی وه‌کوو فروشیاری نه‌وتی گهمارۆکراوی ڕێژیم بڵاو کراوه‌ته‌وه و به‌ڵام ناوبراو و به‌رپرسانی دیکه‌ی ڕێژیم ئه‌و هه‌واڵانه‌یان ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه.