عەبدولڕەزا فوولادوەند، بەرپرسی ڕێکخراوی نێهزەتی سەواد ئامووزی ڕایگەیاندووە کە ١٨ میلیۆن کەسی نەخوێندەوار و کەم خوێندەوار لە ئێراندا هەن کە نزیکەی حەوت میلیۆن و نیو کەس لەم ژمارەیە بەتەواوی نەخوێندەوار مەزەندە دەکرێن.
پێشتریش ئاماری ١٧ بۆ ١٨ میلیۆن کەسی نەخوێندەوار و کەم خوێندەوار لەلایەن دەزگای پەروەردەوەی ڕێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر، شاپوور محەمەدزادە، جێگری پێشووی وەزیری پەروەردە و بەرپرسی پێشووی نێهزەتی سەواد ئاموزی، هەمان ژمارەی ڕاگەیاندبوو.
بەپێی ئەو پێناسەیەی کە نێهزەتی سەوادئاموزی و دەزگای پەروەردە و بارهێنان داویەتی، دەوترێت ئەوانەی خوێندنیان لە خوار دیپلۆمەوەیە، نەخوێندەوارن.
سەبارەت بە ژمارەی نەخوێندەوارانی ڕەها ئاماری دژ بەیەک هەیە؛ لە مانگی یەکی ساڵی ١٤٠٢دا، عەلیڕەزا عەبدی، بەرپرسی نێهزەتی سەواد ئاموزی ڕایگەیاندبوو کە حەوت میلیۆن و ٤٠٠ هەزار نەخوێندەواری ڕەها لە ئێراندا هەن .
غوڵامعەلی ئەفرووز، مامۆستای زانکۆی تاران، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣دا ڕایگەیاند کە ٧٠ لەسەدی ئەو قوتابییانەی ئێران کە دەچنە قۆناغی سەرەتایی، لە قۆناغی دواناوەندی بەهۆی هەژارییەوە واز لە خوێندن دێنن و ڕوو لە بازاڕی کار دەکەن.
دیاردەی نەخوێندەواری دیاردەیەکی زەق لە ئێراندا بەتایبەتی لە کوردستان و ناوچە سنوورییەکانە کە لەم ساڵانەی دواییدا ئاماری ئەو کەسانەی دەست لە خوێندن هەڵدەگرن بەرزبوونەوەی بەرچاوی بە خۆوە بینییەوە و هۆکارەکەی گرانی، هەژاری و بێکارییە و خوێندکاران بۆ دابینکردنی پێداویستی و گوزەرانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن.
ڕێژیم لە ڕاستای ئەم دیاردە دزێوەدا و بۆ کەمکردنەوەی ئاماری زۆری نەخوێندەواری و بێکاری هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیی هەڵ نەگرتووە.