به‌هۆی نه‌بوونی سووته‌مه‌نیی پێویست بۆ کارگە و کارخانه‌کان له ئێران و کوردستاندا زۆربه‌ی کارخانه و خاوه‌ن پیشه‌کان ناچارن کاره‌کانیان ڕابگرن و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ڕه‌نج بهخهساربوونی وه‌رزێران و بێکاربوونی کارێکارانی ئه‌و کارگە و کارخانانه.
به‌پێی هه‌واڵێک که به ژووی هه‌واڵی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێموکرات گه‌یشتووه، کارخانه‌ی چه‌وه‌ندری میاندواو که چه‌وه‌ندری وه‌رزێڕانی ناوچه‌کانی بۆکان وه‌رده‌گرێت هه‌تا ٥ ڕۆژ پێش به مازووت کاری ده‌کرد ئێستا به‌هۆی نه‌دانی مازووتی پێویست له‌لایه‌ن ئیداره‌کانی ڕێژیمه‌وه، وه‌رگرتنی چه‌وه‌نده‌ری ڕاگرتووه و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانیی وه‌رزێڕانی لێکهوتووەتهوه.
شایانی باسه کارخانه‌ی چه‌وه‌ندری میاندواو که سه‌ر به وه‌زاره‌تی هێزه چه‌کداره‌کان و وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕێژیمه به‌ڵێنیان به خه‌ڵکی ناوچه‌کانی بۆکان داوه که کێشه‌کانیان له‌و بواره‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ن به‌ڵام هه‌تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئه‌و داواکارییه‌کانیان نه‌داوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ئه‌و کارخانه‌یه له وڵامدانەوەی داواکاریی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و وه‌رزێڕی ناوچه‌که خۆ ده‌دزنه‌وه و هه‌وڵی دابینکردنی سووته‌مه‌نی بۆ کاراکردنه‌وه‌ی کارخانه‌که و وه‌رگرتنی چه‌وه‌نده‌ری وه‌رزێڕان ناده‌ن.
قه‌یرانی نه‌بوونی سووته‌مه‌نی و وزه له ئێران له ئاستێکدایه که چه‌ند ڕۆژ پێشتر سه‌رۆکی هێزی به‌ناو دادوه‌ریی ڕێژیم به‌هۆی بوونی ئه‌و قه‌یرانه‌وه، فه‌رمانی به هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کان کردبوو هه‌ر جۆره ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانێک به زووترین کات به‌رپه‌رچ بده‌نه‌وه و سه‌رکوتی بکه‌ن.
ناوبراو ڕۆژی دووشه‌ممه ٣ی به‌فرانبار له ڕه‌وتی دانیستنی شۆرای باڵای به‌ناو هێزی دادوه‌ریی ڕێژیم به‌نیسبه‌ت ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان به‌هۆی نه‌بوونی سووتهمنییهوه ڕایگه‌یاندبوو: "دوژمنان له قۆناغی ئێستادا به شێوه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس، تۆقاندن و درۆ ئه‌یانه‌وێت نائه‌منی له کۆمه‌ڵگەدا بڵاو بکه‌نه‌وه".