کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی برسێتی لە جیهاندا زۆرتر بووەتەوە

18:05 - 5 بەفرانبار 2724

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێکخراوە تەنیا دەتوانێت پارە بۆ یارمەتیدان بە نزیکەی ٦٠ لەسەدی ئەو ٣٠٧ میلیۆن کەسەی کە لە ساڵی داهاتوودا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە لە بواری برسێتیدا دابین بکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە لەسەدا ٤٠ی ئەوانەی پێویستیان بە هاوکارییە، کە دەکاتە نزیکەی ١١٧ میلیۆن کەس، لە ساڵی ٢٠٢٥دا خۆراک و هاوکارییان بەر ناکەوێ.

داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، ڕێکخراوەکە تەنها لەسەدا ٤٦ی ئەو ٤٩.٦ میلیارد دۆلارە وەردەگرێت کە بڕیار بوو بۆ یارمەتییە مرۆییەکان لە سەرانسەری جیهان کۆی بکاتەوە و ئەمە دووهەم ساڵە کە نەتەوە یەکگرتووەکان کەمتر لە نیوەی ئەو پارەیەی کە داوای دەکرد توانیویەتی کۆ بکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە ئەو کەمییە وای کردووە کە ئاژانسە مرۆییەکان ناچارن بڕیاری ناخۆش بدەن، وەک بڕینی بەشەخۆراک بۆ برسییەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی شایستەی هاوکارین.

ڕانیا داگاش-کامارا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە بۆ هاوبەشی و کۆکردنەوەی سەرچاوەکان، وتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی پێشبینییەکانی کۆکردنەوەی پارەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ نزیکەی یەک ملیۆن کەس کەم کردووەتەوە.

ئاڵمان کە یەکێکە لە گەورەترین یارمەتیدەرانی بەرنامەی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکانیدا، ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری لە هاوکارییە مرۆییەکانی کەم کردوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە کابینەی حکوومەتی ئاڵمان پێشنیاری بڕینی یەک ملیار دۆلاری دیکەی لە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کردووە کە ئەمە دۆخەکە خراپتر دەکات.

زۆرینەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها لە سێ وڵاتی سەرەکی و دەوڵەمەندی جیهانەوە دێت کە بریتین لە ئەمریکا، ئاڵمان و کۆمیسیۆنی ئەورووپا. ئەم سێ سەرچاوەیە لەسەدا ٥٨ی ئەو ١٧٠ میلیارد دۆلارەیان دابین کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانەکانی برسێتی لە ساڵی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٤ کەڵکی لێ وەرگرتووە.

لە ئێستادا کێشەی کەمیی بوودجە، بەربەستە لۆجیستییەکان، شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچە جیاوازەکان کە زۆرترین قەیرانی برسێتی لەو ناوچانە ڕوو دەدەن سەرەکیترین بەربەستن بۆ سیستەمی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی برسێتی و ڕێگریکردن لە زیادبوونی برسێتی لە جیهاندا.

هەروەها پێشتر بە پشتبەستن بە ئامارەکان ڕاگەیەندرابوو کە نزیکەی ٢٨٢ میلیۆن کەس لە ٥٩ وڵات و ناوچەدا، لەوانە سوودان، میانمار و ئەفغانستان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی نائەمنی خۆراکی و برسێتی بوونەتەوە.