
ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بەناوی کاک موراد عەبدولی کوڕی سەعید، خەڵکی گوندی کوورەی خواروو لە ناوچەی ئەنزەل سەر بە شاری ورمێ، لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک موراد ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک بووە و دوو برای بەناوەکانی شەهید میرزا و شەهید سەرباز لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی کوردستاندا شەهید بوونە.
شەهید میرزا عەبدولی لە ساڵی ١٣٦٢ هەتاوی لە گوندی بڕلەهی و شەهید سەرباز عەبدولی کوڕی گەورەی ئەو بنەماڵەیە لە شەڕی بەناوبانگی جەتەر لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی شەهید بووە.
ناوبرا هەروەها پوورزای شەهید کەریم دەلان حسار، ناسراو بە کەریم ئارپیجی بووە کە لە ساڵی ١٣٦٠ ی هەتاوی لە شەڕێک لەگەل هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید بووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.