کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوارەبەرە و میرزا بناخەی ئەدەبیاتی ئیقلیمیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

01:01 - 6 بەفرانبار 2724

هاوارەبەرە و میرزا بناخەی ئەدەبیاتی ئیقلیمیی رۆژهەڵاتی کوردستان

کەژاڵ ساڵحی

لە نێو ڕۆمان نووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، مامۆستا فەتاح ئەمیری وەک ڕۆمان نوسێکی پێشەنگ چل ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی پێشمەرگەی دکتۆر ڕەحیمی قازی، بە نووسینی دوو ڕۆمانی هاوارە بەرە و میرزا، هەنگاوێکی جیددی لە بواری گێڕانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەڵێناوە. نووسەر لەو ڕۆمانانە دا ئاگایانە بڕیار دەدا بەرهەمێکی وا بخوڵقێنێ کە سەرەڕای خستنە ڕووی شوناسی فەرهەنگی و مێژوویی و زیندوو کردنەوەی زمان، بە ئاوێتە کردنی توانستی هەندێک لە قالب و ژانرە ئەدەبییە فۆلکلۆرییەکان کەشێکی دیکە و چەشنێکی تایبەت لە نووسینی دەوڵەمەند بە توانستی ئەدەبی زارەکی بخوڵقێنێ. بۆ وێنە بە خستنە گەڕی توانایی قالبە ئەدەبییەکانی وەک وردە چیرۆک و حەکایەت و بەیتی فۆلکلۆر و پەندی پێشێنیان، بیر و باوەڕی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شێوە ژیان و ئاخافتنی کۆمەڵگەی دێرینی خۆی بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە و وێڕای هەوڵ بۆ پاراستنی وردەکارییەکانی ئەو ژانر و قالبە ئەدەبییانه، لە زیندوو ڕاگرتنی ماکەی شوناس سازەکانی زمانی کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان ڕۆڵ بگێڕێ.

لەو نووسینە دا وێڕای باسێک لەسەر ئەدەبیاتی ئیقلیمی/ناوچەیی/ لە باری زمانییەوە، ماکە پێکهێنەرەکانی ئەو بەشە لە ئەدەبیات دەخەینە بەرچاو، هەروەها باسی ڕۆڵی ئەو ژانرە ئەدەبییانە لە گێڕانەوەی دوو ڕۆمانی هاوارە بەرە و میرزا دا دیته ئاراوه. لە لایەکی دیکەوە پێویستە باسی هەوڵی نووسەر بۆ تێکهەڵکێشانی ئەو ژانر و قالبانە لەگەڵ ڕۆمانەکەی بکرێ کە چۆن توانیوییەتی ئەو تواناییانە بقۆزێتەوە و موتوربەی ڕۆمانەکەی بکا و هەم ڕۆمانەکەی پێ ڕەنگین و سەنگین تر بکا و هەم بەشێک لەو کەلەپوورە بپارێزێ.

ئەدەبیاتی ئیقلیمی ناوچەیی یان لۆکاڵ ؛ له ڕاستی دا دەربڕ و نیشاندەری شێوەیەک لە ئەدەبیاتە کە تایبەتمەندی و خاڵە بەرچاوەکانی جوغڕافیایی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوچەیەکی تایبەت نیشان دەدا، بە شێوەیەک کە ئەو تایبەتمەندییانە خاڵی جوداکەرەوەی ئەو ناوچەیە لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتێک بێ.

بەر لەوەی ئاماژە بەو خاڵانە بکەم کە نیشاندەری هێڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسینن، ئاماژەیەک بۆ ڕوونتر بوونەوەی مەبەست بە پێوست دەزانم.

ئەدەبیاتی ئیقلیمی بە هیچ چەشنێک وەک دابەزین لە چەشنێک لەئەدەبی بەرزەوە بۆ ئەدەب لە بازنەیەکی بچووکتر نییە، بەڵکوو ئەو تایبەتمەندییە نیشاندەری کەش و جوغڕافیایەکی تایبەتە کە ڕۆمان لەبار دەکا بۆوەی توێژینەوەی خەڵکناسانە و کۆمەڵناسانە و زمانناسانە و تا دوایی لەسەر بکرێ. بۆ وێنە لە ئەدەبی فارسی دا بە دەیان توێژینەوە لەسەر بەرهەمەکانی غوڵام حوسێنی ساعیدی، مەحمود دەوڵەت ئابادی، عەلی ئەشرەف دەروێشیان، ئەحمەد مەحموود و زۆر نووسەری دیکە کراوە کە چۆن بەرهەمی بە پێز و بەهێزیان لە بواری ڕۆمان و گێڕانەوەدا خوڵقاندووە و ناوبانگی نەتەوەیی و جیهانیشیان هەیە بەڵام خاوەن تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمیش هەن. بەو پێیە دەمهەوێ بڵێم ئەو چەشنە لە ئەدەب خاوەن هەندێک تایبەتمەندییە نەک دابەزین لە ئاستێکی ئەدەبەوە بۆ ئاستێکی بەر تەسک تر.

ئێستا بە پێی ئەو پێشەکییە هەندێک لە خاڵە جوداکەرەوەکانی ئەو چەشنە لە نووسین دەخەمە بەرچاو:

١- تایبەتمەندییە جوغڕافیاییەکان. ئەو تایبەتمەندییە خۆی هەڵگری ئەو وردە خاڵانەیه : وەک کەش و هەوا، بارودۆخی سروشت، بوونی دارستان و لێڕەوار و چۆم و ڕووبار و کوێستان و دەشت و بیابان … کە هەر کام لەوانە دەبێ جۆرێکی تایبەت بن وبە هۆی ئەو تایبەت بوونەوە لە ناوچەکانی دیکە نەچن و ئەو لێک نەچوونە ببێتە خاڵی جیاوازی لەگەڵ شوێن و جوغرافیاکانی دیکە.

بۆ وێنە ئەگەر لە پانتای وڵاتێکی وەک ئێران دا ئەو تایبەتمەندییانە بخەینە بەرباس، دەکرێ بڵێین تایبەتمەندییە جوغڕافیاییەکانی باکووری ئێران بە دەریا و جەنگەڵ و کەش و هەوای سەربەخۆیەوە بەچەشنێک لە دەقی ئەدەبی دا ڕەنگ دەداتەوە کە جودایە لە تایبەتمەندی باشووری ئێران بە گەرما و دارخورما و ئەو تایبەتمەندییانەی بەو شوێنەوە دەناسرێن.

٢-تایبەتمەندی دووەم خاڵی جوداکەرەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە. وەکوو داب و نەریت و بڕوا ئاییینییەکان، زمان، مەزهەب، ڕەگەز، شێوەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە لە بەرانبەر بێگانە و زۆر شتی دیکەش.

٣-تایبەتمەندی ئابووری، وەکوو چالاکی کشتوکاڵ و پیشەسازی وابەستە بە شوێن و شێوەی بەرهەمهێنانی کاڵا و خواردەمەنی و چەشنی پیشەسازییە دەستییەکان و ….کە هەر کام لەوانە لایەنێکی نوێ و تازە بەو بابەتە دەبەخشن و بە شێوەیەک دەتوانن ئەدەبی هەڵقوڵاو لەو ناوچەیه دەوڵەمەند بکەن.

چیرۆکە ناوچەییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی هەڵگری هەموو یان بەشێک لەو تایبەتمەندییانەن و بەو پێیە دەتوانن ئاوێنەی باڵانوێنی فەزای شار یان گوند یان کولتووری ئەو بەشە لە وڵاتێک بن کە لە چوارچێوەی دەقێکی ئەدەبی لەوچەشنە دا دەکەوێتە بەر باس.

پاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی هاوارەبەرە و میرزا و بەراوردی کۆی ئەو تایبەتمەندییە جوغڕافیایی، زمانی، کولتووری، ئابووری و تەنانەت سیاسیانەی لەو دەقانە دا خراونەتە ڕوو و پێک گرتنیان لەگەڵ چوارچێوە دیارەکانی ئەدەبی ئیقلیمی و ناوچەیی دەکرێ بڵێین ئەو دوو ڕۆمانە دەچنە ژێر پێناسەی ئەو چەشنە لە ئەدەبیات و بەشێکی هەرە زۆری ئەو خاڵانەیان تێدایە کە نووسەرانی جودا بە تیۆری تایبەتەوە لەمەڕ ئەدەبی ئیقلیمییەوە خستوویانەتە ڕوو.

لەو ڕۆمانانە دا ڕەوتی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ئەستوونی دەچنە پێش و پێوەندییەکی هزرمەندانە ڕووداوەکان لێک گرێ دەدا. ناواخن و دەروون مایەی ڕۆمان سەرەڕای ویستی نووسەر کە هەوڵی پاراستنی زمان و وشەی داوە و لە هەر ڕستەیەک دا بۆ یەک وشە چەندین هاو واتای خستوەتە ڕوو، وشەکانی وا لە ڕستە دا جێ کردوەتەوە و زەمینەی بۆ ڕەخساندوون کە ئەگەر خوێنەر مانای سەرەکی وشەیەکیش نەزانێ ئەوە بە خوێندنەوەی ڕستەکە بە تەواوی و خوێندنەوەی ڕستەکانی بەرو دووای ئەو وشەیە، مانای سەرەکی بو ڕاست دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ڕوانینێکی کۆمەڵناسانەشمان بۆی ببێ ئەوە هەر ئەو گێڕانەوەیە حەز و ئارەزووی لە مێژینەی تاکی کۆمەڵگای ژێر دەست و ناسەرکەوتوو لە زۆر بوار دا دەخاتە ڕوو. ئەو ڕەوتەش دەگێڕدرێتەوە کە کۆمەڵگایەکی وا بۆ دەرباز بوون لە جەغزی سەختی ناسەرکەوتوویی گرتوویەتە بەر یان ئەو پێشنیاری گرتنەبەری لە قالبی گێڕانەوەیەکی داستانی دا دەخاتە بەرچاو. ڕەوتی گەیشتن بە ئازادی بۆ سەربەستی و یەکسانی و ژیانێکی تێکەڵ بە هێمنایەتی و دوور لە ناحەزی و دزێوی کە لە بەشی شیکاری لەسەر فەلسەفەی ئەو چەشنە ڕۆمانانە دا دەکرێ و دەبێ بە تەسەلی له سەری بدوێین. چون لەو چەشنە گێڕانەوانە هەرچەند ئەرکی گێڕانەوە وەک سەرەکیترین کردەی نووسینی ڕۆمان؛ له ئەستۆیانە، به ڵام نووسەر هەوڵی خستنە ڕووی واتا و بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی هەیە.

ماکەکانی ئەدەبیاتی ئیقلیمی لە هاوارەبەرە و میرزادا

ئەلف: ناوچەی جوغڕافیایی:

لە ڕوانگەی نووسەرێکی رئالیستەوە جوغڕافیا و شوێن گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە و بەدیهێنەری فەزای داستانە و نووسەری ئەو شێوازە لە نووسین تەنیا بۆ ڕازاندنەوە و خستنە ڕووی بەشێک لە وەسفەکانی یان بردنە پێشی ڕەوتی چیرۆکەکەی کەڵکی لێ وەرناگرێ. ئەو لایەنە واتە سەرنج بە تایبەتمەندییەکانی ناوچەیەک وەکوو داب و نەریت و شێوەی هەڵسوکەوتی خەڵک لەگەڵ یەک و شێوەی دابین کردنی بژێو، جۆری جل و بەرگ، وەسفی سروشت و بیر و باوەڕە ئایینییەکان و زمان و زاراوەی ناوچەیەک، وردبوونەوە لە ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی وردەکارییەکانی ژیان و ئاقاری دەوروبەر بەرهەمەکە دەبەستێتەوە بە ناوچەیەکی تایبەتەوە و بە واتایەکی تر ڕەنگێکی خۆماڵیی و ناوچەیی بە بەرهەمەکە دەبەخشێ. هەر بۆیە نووسەر هەوڵ دەدا تەواوی توانای خۆی وەگەڕ بخا تاکوو ئەو شوێنە بەهەموو وردەکارییەکانییەوە لە ناوچەکانی دیکە جودا بکاتەوە. ئەوەش بە شێوەیەکی ئاسایی زیاتر ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە ژیانی نووسەری لێ رابراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر کارتێکەرییان لەسەر ژیانی نووسەر بووە.

ئەو ناوچانە بە هۆی ئەوەی نووسەر خووی بە هەموو کەلێن و قوژبن و کەند و لەند و کەش و هەوای گرتووە و بە تەواوی دەیناسێ وەکوو تابڵۆیەکی نەققاشی دەیڕەنگێنێ و بە وشە و سەمای ڕستە و واتاکان تابلۆی کەلامی ئەو شوێنە دەکێشێتەوە و لە قالبی وەسفێکی داستانی دا ئەو هەستە بە خوێنەر دەبەخشێ کە لەگەڵ ڕووداوەکان دا ژیاوە و لەگەڵ هیچ کامیان نامۆ نییە.

ئەو شێوە نووسینە هەم لە نێو نووسەرانی ناوخۆیی و هەم لە نێو نووسەرانی بیانی دا بەدی دەکرێ و نموونەی زۆر سەرکەوتووی هەیە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە مەحموودی دەوڵەت ئابادی بکەین کە فەزای زۆربەی ڕۆمانەکانی کۆمەڵگایەکی گوندییە و وەکوو نووسەرێکی ریئالیست لە دووی شوێنە راستەقینەکان دەگەڕێ و تا بتوانێ گۆشەیەک لە ژیانی واقیعی خەڵک بگێڕێتەوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕۆمانەکانی هاوارە بەرە و میرزا وەکوو ڕۆمان لە شێوزای ئەدەبیاتی ئیقلیمی دا باسیان لێ بکەین دەکرێ ئاماژە بەو ماکانە بکەین کە لەو بەرهەمانە دا بە وردی وەسف کراون:

١-وەسفی سروشت: کاتێک نووسەر نوقمی وەسفی سروشتی ناوچەیەک دەبی ئیتر نە چاوی تێر دەبێ لەو هەموو جوانییە و نە دڵی دێت بە جێی بێڵێ. هەر بۆیە بە وردی هەموو دیاردەکانی پێوەندیدار و ئامادە لەو شوێنە باس دەکا و هیچی لە بیر ناچی. ئەو وەسفە ورد و دەقیقانە نیشاندەر و بەڵگەی هۆگری نووسەرن بەو ناوچەیەی ڕەوتی گێڕانەوەکەی ئەوی تێدا دەگۆڕێ وهەستی پاک و ناسکی و ئەزموونی تاکی و چاوی وردبینی نووسەر و لەهەمان کاتیشدا داهێنەرێتی ئەو لە داڕشتنی وشە و ڕستە و واتا سازی و خوڵقاندنی دۆخی داستانی بەو کەرەسانە و پێکهێنانی جیهانێک لە وشە نیشان دەدا که هەر کام لە وشەکانیش جیهانی تایبەت بە خۆیان هەیە. واتە وشە لەو نووسینانەی فەتاحی ئەمیری دا جیا لەوەی کارکردێکی واتاییان هەیە کەسایەتییەکی فەرهەنگی و ناوچەیی و جوغڕافیاییش لەگەڵ خۆیان بەکێش دەکەن وه یان باشتر وایە بڵێین لە هەناوی خۆیان دا ئەو وردەکاریانەیان تواندوەتەوە. ئەوەش بە خوێندنەوەی ئەو وشانە لە زەمینە کۆمەڵایەتی و کاتی و شوێنیی ئەوان دا بە باشی دەردەکەوێ و ئەو تواناییەش لە قەڵەمی کەم نووسەر دا دەتوانێ خۆ بنوێنێ. تەنیا ئەو نووسەرانە دەتوانن قەڵەم لەو بوارەدا تاو دەن کە کەسایەتی وشە و ڕۆڵی تایبەتی وشەیان لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و دۆخی زەمانی و مەکانی خۆی دا دەرک کردبێ. بۆ دەرخستنی ئەو باسە گرینگە لەسەر شوێن لە ڕۆمانی هاواره به ره دا سەرنجی ئەو بەشە لە ڕۆمانەکە بدەن:

لەهەورازێکی ڕژد وە سەرکەوت، بە سەر دارستانێکی پان و بەرین دا کەوت، باریکە ڕێیەک بە پەنای دارستان دا خۆی ڕاکێشاوە، لە هێندێک جێیان وەنیو دار و دەوەن دەکەوێ. رێبوار ون دەبێ. دیسان سەر وەدەر دەنێ. ڕێ پڕە لە پێچ وفلووچ، دارستان بە پانایی پاناوک، بە درێژایی دۆڵ و دەرە، بە دڵی لاپاڵ و گەوەوە سەوزایی و شینایی بڵاو کردوەتەوە، سروشت وەک حاتەمی تایی و سولەیمانی نەبی سفرەی سەوز و گەشی بە وڵاتدا ڕاخستووە. لەبەر شینایی ڕەش و گەش دەنوێنێ، پنچک بەژنی بەرزی داری لە ئامێزدایە و لک دەستی بە دواینی پۆپ گرتووە، پیرەدار شانیان ڕەشانی یەک دەخەن، دارستان تێک چڕژاو و لێک هاڵاوە تەنانەت قەڵەشتی بەردەکانیش ڕەگاژۆی نەمامی شلک و ساوای لێ ڕواندووە”

بە پێی ئەو نموونەیە و بە دەیان نموونەی تر سروشت وەکوو یەکێک لە دەورگێڕانی ڕۆمان کارایە و شوێن پەنجەی لە ڕۆمان دا دیارە و ئەگەرچی جاری وایە وەسف درێژ و دووپات دەبێتەوە و ئەگەر کورت ببڕابایەوە چوارچێوەی گێڕانەوەکەی پتەوتر دەکرد، بەڵام بە هۆی دەوڵەمەند و ڕەنگین بوونی زمانی کوردی و خەمی پاراستنی وشە رەسەنەکان و ترسی توانەوە و لەبیر چوونەوەیان هەر بەو جۆرەی نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی لێدەکا، ئاستی ماندوو بوونی خوێنەر دێنێتە خوارێ وهەستی ئەو قورساییەی زمان و وشەی کوردی هەیەتی لە دەروونی دا تەشەنە دەستێنێ. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو بوارە دەتوانێ لەبار بێ بۆ توێژینەوەی وشەناسانە و زمان ناسانە و ساغ کردنەوەی بۆ وێنە هەموو تایبەتـەندییەکانی زمانی وڕاوێژیی ناوچەی موکریان. هەر وەکو کاری لەو چەشنە لەسەر هاوارەبەرە و میرزا کراوە و ئامادە کردنی فەرهەنگی زاراوەکانی هاوارەبەرە و میرزا بە کۆکردنەوەی جەماڵ کاڕەشی و شەرح و لێکدانەوەی نووسەری ڕۆمان، ئەو راستییە دەردەخا کە ئەو ڕۆمانانە لە باری زمانییەوە هێندە دەوڵەمەندن و ئەوەندەیان وشەی کۆن و ڕەسەن و زاراوە و قسەی نەستەق و پەندی پێشێنیان تێدایە کە ئەو زمانانە فەرهەنگی تایبەتی خۆیان پێویستە و ئەوەش تایبەتمەندییەکە تا ئێستا هیچ ڕۆمانێکی کوردی نەیبووە و تا ئێستا هەوڵی وای بۆ نەدراوە.

٢-تایبەتمەندی دووەم خۆراک و جل و بەرگ

یەکی دیکه لەو ماکە ناوچەییانەی لە هەر دوو رۆمانی هاوارەبەرە و میرزادا دەبیندرێ، وەسفی جل و بەرگ و خورد و خۆراکی خەڵکی ناوچەکەیە و نیشان دەری وابەستە بوونیان بە سروشتەوەیە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان و پاراستنی خۆیان لە سەرد و گەرمی رۆژگار و هەروەها ڕازاندنەوەی خۆیان بۆ بۆنەی جودا و ڕێوڕەسمی خۆیان. ئەو ڕاستییە زیاتر لە هاوارەبەرەدا خۆ دەردەخا و لەهەموو ئەو بوارانەدا نووسەر ئاگاییەکی ورد بە دەست خوێنەرەوە دەدا.

بابەتێک کە جوانییەکی زیاتری لەو بوارەدا بە دەقەکە داوە ئەوەیە کە هیچ کام لەو باسانە واتە باسی خواردن و جل و بەرگەکان و … بە شێوەی جودا و لە دەرەوەی گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا باس نەکراون و وەها لە تان و پۆی گێڕانەوەدا قاڵ بوونەتەوە کە هەست بەوە ناکرێ نووسەر ناچار بووبێ بە ئانقەست جێیەکیان لە توێی ڕۆمانەکەی بۆ تەرخان بکا. ئەگەرچی ڕەنگە لە خەیاڵی نووسەردا ئەو ویستەش بۆ پاراستنی ئەو نەریتانە بووبێ. ئەوە بە خوێنەر نیشان دەدا کولتووری جل و بەرگ و جوانکاری مرۆڤی کورد و کولتووری خواردەمەنی لەو هەرێمەی ڕۆمانەکە باسی دەکا لەو کاتەدا کە وەک زەمانی ڕەوایی ڕۆمانەکە دەیگێڕێتەوە چۆن بووە و تەنانەت جاری وایە شێوەی چێشت لێنان و وردەکارییەکانیشی بو خوێنەر دەگێڕێته وه. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو بەشە لە دەقی کتێبەکە وەک نموونەیەک لە دەیان نموونە بکەین:

“کەوڵ لە عەرزی درا، مزراویلکە بۆنی لە وڵاتی گەڕا، نانی چووکە مەیلە وسوور، برژاو، بێ قەراغ، نانی گەنمە سمەوەج، خوارشتی خۆش، ناسک، تەنک، سەلکێک پیواز، پیاڵەیەک خوێ. هەر یەکەی جامێکی مس، هەڵمی لەسەر هەڵدەستا، مزراویلکەیەکی چەور، هێلکەی خڕ تێدا، مزر، ترشی سماق تام و بۆنی داوەتێ.”

یان ئەو کاتەی وەسفی نانی شوانی دەکا، دەڵێ:

“لەسەر ویستی یارە ڕۆژ بە ڕۆژ تور بێنی یارە پڕتر دەکرا. کولێرە چەورە، کەلانە، کولیچە، کەشکە فەریکە، شیرێژ و ڕۆن، نان پاڵە و پشتی ژیان، نانی گەنم، نانی جۆ، هەرزن، کولێرەی گەنمەشامی و …” یان ئەو کاتەی باسی شایی یارە دەکا وێڕای ئەوەیکە باسی نان و چێشتی کاتی شایی ئەو سەردەم دەکا، شێوەی چێشت لێنان و کەرەسەکانی پێویست کە ئەوکات کابان و چێشت لێنەر دەکاریان دەکرد و پێوسیتیان پێی بووە بە وردی تەوسیف دەکا.

جودا لەو باسە هەر وەک کۆمەڵناسان و پسپۆڕانی بواری شوناس باس دەکەن، جل و بەرگ یەکێک لە سازدەرە (مولفە) گرینگەکانی شوناس و شوناسی نەتەوەیی و لە ئاستی دیکەدا شوناسی ناوچەییە. بێ گومان جل وبەرگ بەرچاوترین نیشانەی کولتووریی نەتەوەیەکە و زۆر بە خێراییش کارتێکەری و کاریگەری خۆی دەردەخا. نووسەری هاوارەبەر و میرزا بە تەوسیفی ورد و دەقیقی جل و بەرگ ئەو ڕاستییە وەبیر دێنێتەوە کە لیباس وەک نمادێکی نەتەوەیی لە دوای زمان ڕۆڵێکی کاریگەر لە ناساندنی شوناسی کورد دەگێڕێ و چون بەردەوامیش گۆڕان بە سەر مودێڵ و فۆڕمی دادێ، نووسەر بە تۆمارکردنی وردەکارییەکانی ئەو جل و بەرگانە لە سەردەمێکی داستانیی دا هەوڵی پاراستنیانی داوە و بە ناسینی ئەو تایبەتمەندییانە دەکرێ جوغڕافیا و مێژوو و سیاسەت و کۆمەڵگا و هونەر و زۆر شتی تری نەتەوەیەکیش بناسێنێ..

ئەگەر نموونەیەک لە هەستیار بوونی نووسەر لەمەڕ ئەو دیاردەیه وە لە دەقی رۆمانەکە بە دەستەوە بدەم ئاماژە بەو بەشە دەکەم کە نووسەر باسی جل و بەرگی یارە دەکا . هەرچەند جل و بەرگەکەشی نەدارانەیە:

“دەڕوا، قوت و سڵ، قیت و قۆز، توند و تۆڵ، کز و ساغ، جووتێک گوڵینگی سوورمەره ز بە تەنیشت زەنگاڵەکانییەوە کایە دەکەن، رانک و چۆغەیەکی تاوبردوو، شەدەیەکی ریشۆ نەماو، جووتێک کەڵاشی نووک هەڵگەڕاوه ی قوڵاغە کراوی لە پێ دایە. هەر دووک ئانیشکی چۆغەکەی شی بۆتەوە، ئاهێکیان پێوە نەماوە، رانکەکەی پاش و پێش کراوە، هەرچەند کڵاوەکەی پڵیتەی وەدەرکەوتووە کەچی نوشتەیەکی لە تەپڵەکەیەوە دەچێ.”

یان بۆ تەوسیفی جلکی منداڵانی ئەوکاتەی سۆفی ئەحمەد نوقمی خەیاڵی رابردوو دەبێ و کوڕە جوانەمەرگەکەی لەتەمەنی منداڵیی دا دەبینێ. ئاوا باسی لیباسی منداڵەکەی دەکا:” کەوایەکی قوتنی سوور لەبەر، کڵاوی کووژەکەدار لەسەر، و … بەو جۆرە جل و بەرگی منداڵی ساوا و خەڵکی ئەو سەردەم وێنا دەکا.

۳-داب و رەسم

یەکێکی دیکە لەو ماکە ناوچەییانەی تام و بۆنێکی ناوچەیی و ئیقلیمی بەو رۆمانە دەبەخشێ داب و نەریتی نەتەوەیە. گەشە و بەرز بوونەوەی داب و نەریتەکان کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی فەرهەنگی نەتەوەیەک دا هه یه . وەسفی داب و نەریتی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ بەردەنگێکی نائاشنا بابەتێکی جوان و نوێیە و رەنگێکی واقیعی بە بەرهەمە دەبەخشێ. بۆ نموونەدەکرێ ئاماژە بەو نەریتانە بکەین کە لە درێژایی ژیانی تاکی ناوچەدا برەویان بووە و وەک بەشێک لە میراتی کلتووری دێنە حیساب. بۆ وێنە باسی گوێزەبانە کردن بۆ منداڵ، داب و رەسمی پێوەندیدار بە شایی و زەماوەند و سەرەخۆشی و تەنانەت باسی چەشنی ئەسپاردەکردنی مردوو بە خاک و زۆر بابەتی دیش لە رۆمانی هاوارەبەرەدا بە وردی گێڕدراونەتەوە. ئەو داب و نەریتانە زۆربەیان ئاوێنەی بالانوێنی رێزگرتن لە مرۆڤ و رووحی پێکەوە ژیان و هاوکاری و میوانگری و یەکتر خوێندنەوەیە و لە خوێندنەوەی خەڵکناسانەدا جێگای سەرنج و تێرامانن.

۴-زمان وەک ماکەیەکی ئەدەبیاتی ئیقلیمی

ئەو رووداوانەی لە ئەدەبیات دا رەنگ دەدەنەوە زۆربەیان ئەوانەن لە روانگەی کۆمەڵایەتییەوە خاوەن بایخن و پێوستە دیسان بنوێندرێنەوە تا لە بیر و زەینی خەڵک دا بمێننەوە و بەشێک لە بیرەوەری بە کۆمەڵی کۆمەڵگان. زمان وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی و وەک زایەڵەی رووح و ژیانی کۆمەڵگا تەنیا رۆڵی پێوەندی نییە و ئەو کۆمەڵگایانەی لە ئەدەبیات دا ساز دەکرێن یان ساز دەکرێنەوە تەنیا نیشاندەری ژیان نین بەڵکوو رەنگدانەوە و دەنگدانەوەی رێسا و بیرە کۆمەڵایەتییەکان، بۆنە جوداکانی ناو ژیانی کۆمەڵ، شین و شەڕ و تێکهەڵجوونی عێلەکان، دابەشکردنی چینەکانی کۆمەڵگا، شیوەی موڵکداری و بەرهەمە کشت و کاڵییەکان و زۆر بابەتی دیکە، وەکوو زانست و کەرەسەی تێگەیشتن و تێگەیاندن رۆڵێکی بەرچاویان لە ساز کردنی ئەو سامانە هەیە که پیی دەکوترێ کۆمەڵگای نەتەوەیی و هەر کام لەوانەش وشەو دەستە واژە و راوێژی تایبەت بە خۆیان پێویستە و رۆمانێک هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی دا نه رشتبی دەکرێ بگوترێ لایەنی زمانییەکەی دەوڵەمەند نییە.

دەکرێ بڵێین بەهێزترین بەشی داهێنانی نووسەر بە زمانی کردنی چەمک و واتاکانە. بەو پێیە خالی ه رچاوی چیروکی هاواره به ره و میرزا هه ر ئه و زمانه ساده و ساکاری ناوچه ییه که به شیوه یه کی زور سروشتی و به بی گرێ و گۆڵی زمانی وشەو رستەکان لە وتوێژ و دیالۆگی کەسایەتی رۆمانەکە دا بەکاری ده هیندری. رەوتی گێڕانەوە لە هەر دو رۆمانەکە دا هەم تازەیی و جوانیی خۆیان هەیە و هەم بۆ کەسێک کەشارەزایی زمانی ئەو ناوچەیەنەبێ رەنگە تارادەیەک نامۆ بێتە بەرچاو. زمان و زاراوەی کەسایەتییەکانی رۆمان بە وشیاری و تەبا لەگەڵ تەمەن و ئاستی خوێندەواری و چینی کۆمەڵایەتی ئەوان هەڵبژێردراوە، بۆ وێنە کاتێک یارە دەدوێ دەزانی کوڕێکی ساکار و سادەیە و جار و بار ناتوانێ بە سەر هەستی خۆی دا زاڵ بێ، بەڵام کاتێک میرزا دەدوێ هەموو کەس بە ورد و درشتەوە لە خزمەتی دا بێدەنگ دەبن و گوێی بۆ شل دەکەن و قسەکانی بە تەواوی وەردەگرنو لە نێو خۆیان دا دەڵێن میرزا قسەی قەڵەمی دەکا. کاری میرزا قەڵەمە، کاغەزە، دیوانە. ئەوانە ئاستی خوێندەواری و زانست و لێهاتوویی و ئەزموونی میرزا دەردەخەن و کاتێکیش ژنانی نێو رۆمانەکە قسە دەکەن هەر کام لەوان په ردە لەسەر لایەنێک لە ژیانی کۆمەڵگای ژنی ئەو سەردەم هەڵدەدەنەوە و بە وتەکانیان هەگبەی دەوڵه مەندی زمانی کوردی سەنگین و رەنگینتر دەکەن. جگە لەوەش زمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەست و ویست و حەزی دەروونی که سایەتییەکانی رۆمان و بەشێکی زۆر لە کەسایەتی ئەوان بۆ خوێنەر روون دەکاتەوە.

جار جارەش بوونی کەسانیک وەک ئەمیر حوسێن کە ئازەری زمانە و زمانی کوردی بە باشی نازانی و لەت و کوت قسە دەکا و نەقڵی گیران و تاوانەکەی وەک بنێشتە خۆشکە هەر دەیڵی و دەیڵێتەوە سەحنەیەکی تەنز ئامیز لە رۆمان دا پیک دێنێ و شوناسەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئەو شوێنە لە ناوچەکانی دیکە جودا دەکاتەوە.

٥-ماکەی باس لەتەورە سیاسییەکان

یەکێکی دیکە لەو ماکانەی رەنگ و بۆی ئیقلیمی بە رۆمانەکە دەبەخشی گێرانەوەی زیندان و گیران و جەزرەبە دان و باسی بابەتی سیاسییە. ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆک لە ناوجەکانی وەک ئازەربایجان و کرماشان و باشووری ئێرانە. بەڵام راستەقینە ئەوەیە کە هەر نووسەرێک بە هۆی کاریگەریی فیکر و فەرهەنگ و دونیابینی و ئەزموونی تاکی خۆی و هەروەها جیاوازی جوغرافیای سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری، شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە لە گێرانەوەی سیاسەتی ناوچەی خۆی. ئەوەی کە لەو بەرهەمانە دا دەبیندرێ گرتن و سیخوڕی کردن و وەکێو وشاخ کەوتن و کوشتن و ئاور تێبەردانی ماڵ و مووچە و مەزرا نموونەیەکی تایبەتی کۆمەڵگا ژێر دەستەکانی ئەو سەردەمەیە.

دەکرێ بڵێین لەو ناوچەیەدا ژیانی سیاسی بەشیک لە ژیانی ئاسایی خەڵکە و سنوورێک لە مابەین ئەو دوو ژیانە دا نییە. خەبات دژی زوڵم و داگیرکاری بەشیک لە ژیانە و ژیان بەشیک لەخەباتە. هەر بۆیە زۆربەی خەباتکاران بە جێی ئەوەی کە کەسایەتییەکی بەرجاویان هەبێ مرۆڤ گەلێکی ئاسایین و تواناییی و بڕست و بوێری خەبات و دژایەتی لەگەڵ چەوسێنەرانیان هەیە. لە رۆمانی میرزادا، میرزا دەبێتە هیوای سەردەم و داهاتووی کۆمەڵگا و جێی متمانە و پشت پی بەستنی خەڵک و دەبێتە سەرۆکێکی کاریزماتیک کە جەماوەر بەرەو کۆمەڵگایەکی ئاڕمانی رێنوێنی دەکا. لە هەمان کاتیش دا ئەو کەسانەی کە دەرەقەتی زوڵم و زۆری سیستەمی دەرەبەگایەتی نایەن لەو سیستەمە یاخی دەبن و چەک هەڵدەگرن و روو لە چیا ئەستەمەکان دەکەن. ئەو دیاردەیە نیشان دەدا کە له کۆمەڵگای ژێردەستی  ئه و کات دابەرەنگاربوونەوەی تاکەکەسی بە بێ عەقلانییه تیکی کارامە هیچ ئاکامێکی لی ناکەوێتەوە و رەنگە ئاکامێکی نەرێنیشی هەبێ. لە رۆمانی میرزادا رەشید نموونەی ئەو شیوە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ سیستەمی زاڵی ئەو سەردەمەیە کە بە پێی سروشت و کەسایەتی تایبەتی خۆی سەبر و تابشتی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی خدرئاغای نییە و لایەن و ناوەندێکی یاسایی و دادپەروەرانەش بۆ سکالا و ماف خوازی نابینێتەوە و بۆخۆی بە کردەوەیەکی کە لەسەر ئیرادە و ویستی تاکەکەسی خۆی دامەزراوە و لە سەرەوە و دەرەوەی یاسای ئەوکاتە بەڕیوەبەردنی یاسا وەئەستۆ دەگرێ و خدر ئاگا دەکووژێ.

ئەو شیوە دوانەی رۆمان نووس و گێرانەوەی لە رووبەروو بوونەوەی سەردەست و بن دەستی ئەو کۆمەڵگایە بە چەشنێک سنووری یاسا و نایاسایی بوون لە سەردەم و زەمانیکی تایبەت لە شوێنکاتی رۆمانەکە دا دیاری دەکا. نایاسایی بوونیک کە یاسایی بوون لە ژێر تیشکی دا دزێو دەنوێنێ و بە پێچەوانەی باری باو خۆشەویستیش دێتە بەرچاو.

 

بەشی دوومی وتار: تێک هه ڵکیشانی ژانره فولکلوریکه کان له رومان دا

کورد وەک یەکێک لە گەلانی رۆژهەلاتی ناوین بە مێژوویه کی دوور و درێژ و پڕ لە کەند و لەند و سیاسی و کۆمەلایەتییەوە، خاوەنی زمانی سەربەخۆ بە چەندین زاراوەی دەولەمەندەوەیە. بەشیکی زۆر لەو مێژووە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە قالبە جۆراوجۆرەکانی کولتووری رەشۆکی دا پەروەردە کردووە، تا بۆ بەرەی داهاتوو بمێنێتەوە. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی فەرهەنگی رەشۆکی کورد یەکێک لە کولتوورە دەوڵمەندەکانی ناوچە بێت و بە سەدان و هەزاران شیعر و چێرۆک و بەیت و حەیران و نەقڵ و نەزیلە و پەند و مەتەڵ لەو چوار چیوەیە دا خوڵقابێ. بەشیک لەو میراتە لە لایەن نووسەرانی دڵسۆزی ئەو بوارە کۆ کراونەتەوە. دەقە فۆلکلۆرەکانی گەنجی سەربەمۆر لە لایەن ئەحمەد بەحری، کۆمەڵە بەیتێکی وەک میر و وەفا و سەعید و میرسێوەدین لە لایەن قادری فەتاحی قازی و ئەدەبی زاره کی موکریان و ژنان لە لایەن سەلاح پایانیانییەوە بەشیک لەو دەقانەن.

هەڵبەت دیارە جودا لەو نووسەرانە زۆر کەسی دیکەش لەسەر دەقە فۆلکلۆرییەکان کاریان کردووە و لە جێی خۆی پیویستە بە شێوازی خوێندنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان بخوێندرێنەوە و باسیان لەسەر بکرێ بەلام روانین و چەشنی رووبەرووبوونەوەی نووسەری هاوارەبەرە و میرزا لەگەڵ ئەو دەقانە جیاوازە.

دوای پێناسەی ئەو شوێنانە بۆ ناسینی ئەدەبیاتی ناوچەیی و ئاماژەدان بە چەند خاڵی گرینگی ئەو بەشە لە ئەدەبیات ؛ئەوەی کە لەسەرەتای رۆمانەوە هەتاکوو کۆتایی نووسەر وەکوو تار و پۆ لە نیو دەقی رۆمانەکەدا تەنیوێتی، چەندین دەقی فۆلکلۆری بە شێوازی جوداوەیە کە تێکەڵ بە رووداوەکانی رۆمان بوون. بوونی ئەو دەقانە ئەو راستییە دەنوێنی کە نووسەر چەندەی بایەخ بەو بەیت و مەتەڵ و حەکایەت و چیرۆ ک و گۆرانییانە داوەو ناوەرۆکی رۆمانەکەی پێ دەوڵمەند کردووە. دەکرێ بڵێین لە ئاوێتە کردنی ئەو بەیت و چیرۆک و پەندی پێشینیانە نووسەر داهێناێکی نوێشی کردووە. بە بێ ئەوەی رەوتی گێرانەوەی رووداوەکان تووشی کەم و کووڕی بکا و لەهەمان کاتیش دا شوناسەی تایبەت بە هەر کام لەو قالب و فۆڕمە فۆلکلۆرییانە بپارێزێ.

ئەودەقانە لە هەندیک شوین دا درێژە بە مەبەستی رۆمانەکە دەدەن واتە ئەو شیوەیە لە کایەی نێوان دەقێتی کە نووسەر دەیکا جاری وایە بە مەبەستی پڕ کردنەوەی بەشیک لە بۆشایی گێرانەوەیە کە نووسەر بۆ ئەو دەقانەی بەدیهێناوە، جاری واشە لە هەندیک قۆناخی رۆمانەکە دا نووسەر بۆ کورت بڕینەوەی گوتە و پیش گرتن لە زیاتر بوونی بارستای رستەکان کەڵکیان لێ وەردەگرێ و لەوانەیە ئامانجی نووسەر ئەوە بووبێ کە لە ئاوێتە و موتوربە کردنی ئەو وردە دەقە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر هەستی خوێنەر دابنێ و بەو شیوەیە خوێنەر زووتر لە مانای دەقەکە تێبگا و هەست بە نزیکایەتیەکی زیاتر لەگەڵ فەزاکەی بکا و تەنانەت رادەی چێژی دەق بەو شیوەیە بەرێتە سەرێ.

هەر لەو بارەوە بابەتێکی گرینگی جێگای ئاماژە ئەوەیە کە داڕشتنەوەی دەقە فۆلکلۆرییەکان لە چوارچیوەی دەقێکی داهێنەرانە دا، ژیانیکی تازەیان پێ دەبەخشی و نا‌هێڵێ بە هۆی تێپەڕبوونی کات قورسایی خۆیان لە دەست بدەن و کاڵ ببنەوە. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بەو حیکایەتانە بکرێ کە یای ناز وەکوو دایکێک کاتی خەواندنی منداڵ بۆ وەتمانی دەگیڕێتەوە و بیر و زەینی منداڵی پێ پەروەردە دەکا و هێمنایەتی بە منداڵ دەبەخشێ.

لە شوێنیکی دیکە دا نووسەر داهێنەرانە و بە ئانقەست فەزای ئەویندارانەی هاوارەبەرە لەگەڵ هێندیک بەیت و چیرۆکی فۆلکلۆری کە بنەمای ئەویندارانەیان هەیە تێکهەلدەکێشێ کە دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە بەیتی لاس و خەزاڵ و چیرۆکی لەیل و مەجنوون بکرێ.

ئەو بەیتانەی لەو کتێبەدا تێکەڵ بە دەق کراون مەبەست و ئامانجی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەویندارانەیان هەیە و هەرکات رەوتی رۆمانەکە مەبەستێکی کۆمەلایەتییە ئەوە بەیتێک بەو نێوئاخنەوە دێتە ئاراوە و هەر کاتیش رەوتەکە ئەویندارانە دەبێ بە پیی فەزای داستان بەیتێکی وەکوو گەنج خەلیل و لاس و خەزاڵ خۆ دەنوێنن. ئەو بەیتانە هەر کامیان بە تەناسووبی ژیان و فیکر و کەسایەتی کاراکتێرەکان هەڵبژیردراون. بۆ وێنە بەیتی گەنج خەلیل لە سەرزاری حەسکۆ دەگێڕدرێتەوە کە بەیتێکی دڵدارانەیە و باسی عەشق و وەفاداری و ئەوین دەکات و حەسکۆش خۆی گیرۆدەی ئەوینی ئامۆزاکەیه تی و لە غەریبی و دەربەدەری دا ئاوا لەبەر خۆیەوە نارە ناری دێ:

“ئەز  رابم که مه را پشتا خۆ بشکینم بو اسبی گه نج خه لیل بکه مه ناله, بازنی خو بشکینم بکەمە وردە بزمارێ، بسکێت خۆ بیرم بکەمە سەر رەشمە. بەڵی بکەمە دۆخ و سەر هەوسارە گەنج خەلیل کوڕە مامی خۆ بیم . سوار بکەم لە کومیتەکی تالە”.

دەق تێکەڵ بە پەندی پێشینیان؛ یەکی دیکە لە دیاردە جیاوازەکانی ئەو به رهه مانه یه. هەر کام لەو پەندانە مێژوو و چیرۆکێکی پڕ ئامۆژگاری لە پشتە کە هەندیکیان لە بیر خەڵک جوونەتەوە و پێشینەی هەندێکیشیان بۆ خەڵک روون نییە.. لە دەقی رۆمانەکەدا بە پێی ئەوەی لە چ کات و لە زاری چ کەسیک و بە چ هۆیەکەوە بکوترێن لە کاراکتەرێکەوە بۆ ئەوەی تر جیاوازن و پەندەکان لە بارودۆخی تایبەت بە خۆیان دا گونجاون. بۆ وێنە  کاتیک وەسفی بارودۆخی نالەباری سۆفی دوای مەرگی هاوسەرەکەی دەکا و هەموو کەس بەزەییان پێی دادێ و ولامی هەموویان ئاوا دەداتەوە:” سۆفی تامی زاری هەمووان دەزانێ، ئەوەی بە دڵ دەیکوت دڵ ئێشی نەدەکرد. ئەوەی بە پێی مەسڵەحەت و قازانجی خۆیان هەوڵیان دەدا جوابی توندی دەدانەوە و دەی رنین. بە فیتووی خۆی دەزانی و باش شارەزا بوو کوێ نیسکان دێنی. نانی بە منەت ناخۆم. کشە کشە مریشکە رەشە میوان رۆژێک و دوان خۆشە. هەتا دووری پووری. خۆم ماوم خۆم پیاوم. و هی تریش بەو جۆرە سۆفی هێندێک پەند دێنێتەوە کە دڵنەوایی تەنیایی و بێکەسی و نەداری خۆی پێ دەداتەوە.

بە گشتی دەکرێ بگوترێ کە پەندەکان لە زۆر جێیان پیشیان بە درێژکردنەوەی دەق گرتووە و چێژی تایبەتیان بە دەق بەخشیوە.

یەکی دی لەو بابەت و قالبانەی لە رومانه که دا به دی ده کری شێعر و گۆرانی فۆلکلۆرە. هەر نەتەوەیەک خاوەنی گۆرانی و مووسیقی تایبەت بە خۆیەتی و لەو رێگەیەوە هەست و حەزی ناخ و دەروونی خۆی رادەگەیەنێ. نەتەوەی کوردیش وەکوو هەر نەتەوەیەکی دیکە خاوەن دەقی هەمەچەشنی گۆرانی تایبەت بە خۆیەتی و رەگ و ریشەی بە مێژووی هزری نەتەوەیی دا رۆچووە. عیزەددین مستەفا ره سول دەڵێ:

” گۆرانی کوردی خۆی وێنە و ئاوێنەی هەست و عاتیفەیە. چونکە شیوەی دەربڕینی ئەم هەستە سادە و بێ پێچ و پەنا و راستەوخۆیە. بۆیە گۆرانی دڵداری و عەشق و ئەوینی کوردی راست گۆیی و وێنەی راستی بەدی دەکەین. لەو بەرهەمانەش دا شێعر و گۆرانی فۆلکلۆر ئاویته ی بەستەر و تەختی رۆمان دەبێ. بۆ وێنە کاتێک یای ناز بە گریان و بە سۆز دەلۆرێتەوە و خەمی دووری و دابران و تەنیایی لەبەر لێوییەوە بەو گۆرانیانە دەردەبڕێ:

“رێگای دارستان داچێنم بە گوڵ

ئاوی لێ بینم بە خوێناوی دڵ

ئەگەر دەمزانی لە کوێ دەکەی راو

خۆڵی بەر پێتم دەداشت بە شەکراو”

یان ئەو شوێنەی رەشید خەریکی میوانداری لە میرزایە و هەردێ و دەنگی لێ بڵیند دەکا و بە جێ و رێ و وەستایانە گورانی ده لی.گۆرانییەکەی جۆرێک ناڵەیە پڕ لە سۆز و کوڵ:

گەوهەرێ هەی گەوهەرێ پەروانەم لە دوای خێڵی

کەس نییە پێم بڵی ماڵ وێران ئەتۆ لە دوای چی وێڵی

بەو شیوەیە بەکارهێنانی گۆرانی و شیعرە فۆلکلۆرییەکان لە خولقانی فەزایەکی تایبەتی داستانیی دا رۆڵی بەرجاویان هەیە و یاریدەی نووسەر دەدا کە کەش و هەوایەکی گونجاو لەگەڵ دۆخی دەروونی کاراکتەر پێک بێنێ. بە بێ ئەوەی راستەوخۆ ئاماژە بە حالەتی رووحی دەورگێری رۆمانەکە بکات خوێنەر دەکاتە شەریکی خەمئ ئەوان و لە رازی دڵ و خەم و ناڕەحەتی و پەرۆشی و تەنیایییان تێدەگەیەنێ.

لە ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە دا دووخاڵی گرینگ روون دەبێتەوە

١-سەرەڕای توانا و مرخ و داهێنەرێتی تاکەکەسی نووسەر، شوێنی ژیانی نووسەری هونەرمەند لە سەر زەین و زمانی و هەروەها شیوەی گێرانەوە و ئەو وەسفانەی کردوویەتی کاریەگەرییان بووە کۆی ئەوانەش بەرهەمێکی بە پێزی خوڵقاندووە و کەهەم زمان و هەم بیری نووسەرانە تێی دا بە هێز و دەوڵەمەندن.

بەو پێیە دەکرێ بڵێین وەک چۆن لە رەوتی چیرۆک نووسی ئێران دازۆر بەرهەمی بە پیزی وا نووسراون کە تەبا لەگەڵ ناوچەی جوغڕافیایی و ئیقلیمێکی تایبەتن و هەڵگری هەموو ماکەکانی ئەدەبی ئیقلیمین و لە بەشی هه وه ل دا ئاماژەم پێکردن. خوێندنەوەی رۆمانەکانی هاوارەبەرە و میرزا ئەو راستییە دەردەخەن کە ناوچەیەک کە رووداوەکانی رۆمانەکانی تێدا گووراوە و خوڵقاوە بە تەواوی کەش و هەوا و خاک و دار و بەرد و داب و نەیتی خۆی هه یه و لە واتایەکی گشتی دا دەڵێین کوردەوارییە و لە ئاستی دیکە دا بە هەندێک بابەتی وردە کولتوور و تایبەتمەندی و زاراوەیی و شیوەی هەڵس و کەوتی ناوچەیەکی تایبەت تر هی پانتاییەکە بە ناوی موکریان.

رۆمان نووس لە ئاوێتە کردنی ژانرە ئەدەبییەکان دا توانیوێتی ئەو ئامانجە بپێکێ کە ئەو قالبە فۆلکلۆرییانە کاریگەرییان لەسەر رەوتی گێرانەوەی رۆمانەکە ببێ و لە زۆر شوێن دا چێژی تایبەتی پێ ببەخشێ و لە هەمان کاتیش دابەر بە درێژبوونەوەی دیالۆگەکان بگرێ. بەلام زۆر جاریش خوێنەر وا نوقمی ئەو بەیت و حەکایەت و پەندا و مەتەل و وردە چیرۆکانە دەبێ لە دەقی سەرەکی دوور دەکەوێتەوە و ئەوەش وەک خاڵێکی لاواز دەبیندرێ.

پەوراوێزەکان:

مستەفا رەسووڵ، عیزەددین، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، عیزەددین مستەفا رەسووڵ

سه رکه وت عومه ر ئیبراهیم ، دەق ئاوێزان لە گیرانەوەی رۆماندا.

محمد جعفری ، له پانتایی ئه ده بیاتی ئیقلیمی دا.. کتاب ماە جاپ ١٣٨٠

فەتاح ئەمیری، رۆمانی هاوارە بەرە

فەتاح ئەمیری، رۆمانی میرزا فەتاح ئەمیری

رەحیم قازی، رۆمانی پێشمەرگە

چەند دەقی گۆرانی فۆلکلۆری

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی