هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حوسییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا لەوەی کە ئەم گرووپە هەمان چارەنووسی دوژمنانی دیکەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەخۆیەوە دەبینێت.
نێتانیاهوو ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار وتی: حوسییەکان هەمان ئەو وانەیە فێر دەبن کە حەماس و حیزبوڵڵا و ڕێژێمی ئەسەد و ئەوانی دیکە فێری بوون و تەنانەت ئەگەر کاتیش ببات، ئەم وانەیە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست فێر دەکرێت.
هاوکات کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی نێتانیاهوو لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە وڵامدانەوەی هێرشەکانی حوسییەکان لە یەمەن دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم کارە دەبێ لە کاتی گونجاو بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان ئەنجام بدرێت.
لە لایەکی دیکەوە گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار کۆبوونەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بە هێرشەکانی حوسییەکان ئەنجام دەدات.
هاوکات حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە تۆڕێکی سیخوڕیی سەر بە دەزگای نهێنیی مووساد و دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکایان دەستنیشان کردووە.
لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی ئەو گرووپەدا هاتووە، ئەرکی ئەم تۆڕە ئەوە بووە شوێنە سەربازییەکانی حوسییەکان لەوانە بنکە مووشەکی، دڕۆنی و دەریاییەکان، هەروەها کۆگاکانی چەکوچۆڵ دەستنیشان و چاودێریان بکات.
دوابەدوای لاوازبوونی بەرچاوی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان و ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریە و لە ئەنجامی کەمبوونەوەی نفووزی ناوچەیی تاران، ئێستا ئیسرائیل هێرش بۆ سەر حوسییەکانی یەمەنی خستۆتە دەستوری کارەوە.