کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ١٩١ پارێزەر لە ئێران بە هێرشی چەکدارانی سەر بە تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان

10:33 - 6 بەفرانبار 2724

کۆمەڵێک پارێزەر لە ئێران لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ، یەکیەتیی ئورووپا، شۆرای ئەمنییەت و ڕێکخراوەکانی دیکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە هێرشی نایاسایی چەکدارانی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیەوە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 ١٩١ پارێزەر لەم نامەیەدا بە نایاساییبوونی هێرشی چەکدارنی سەر بە دەوڵەتی تورکیە ناڕەزایەتییان دەربڕی و سەبارەت بە لێکەوتە مافی مرۆییەکانی ئەم هێرشانە هۆشدارییان دا.

واژۆکەرانی نامەکە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر هێرشی ئەم چەکدارانە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و هێزەکانی سووریەی دێموکرات، ڕایانگەیاندووە "ئەم هێرشانە کە بە ئاشکرا یاساکانی نێونەتەوەیی، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات بووەتە هۆی خەساری گەورەی مرۆڤی، ئاوارەبوونی هەزاران کەسی مەدەنی و وێرانبوونی ژێرخانەکانی ئەم ناوچانە".

نامەکە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە کردنە ئامانجی کوردانی ڕۆژاوا و پێشێڵکردنی سەروەریی خاکی وڵاتان، هەوڵێکە دژ بە یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان.

نووسەرانی نامەکە خوازیاری پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژاوا وەک گرینگترین هێزی خۆڕاگر لەهەمبەر تێرۆریزمی نێودەوڵەتی بوونە و ئەم هێزانەیان بە پارێزەرانی ئاشتی و ئەمنییەتی ناوچەکە ناو لێ بردووە.

واژۆکەرانی نامەکە لە کۆتاییدا داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کردووە تاکوو شاندێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە و بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان بنێرنە سووریە و هەروەها خوازیاری ئەوە بوون کە کۆمەڵگەی جیهانی بە زووترین کات هەوڵی ڕاگرتنی ئەم هێرشانە بدات و بەپێی یاساکانی مافی مرۆڤ دەوڵەتی تورکیە وڵامدەر بکەن.

تورکیە بە بیانووی بوونی هێزەکانی پەکەکە، هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان و هەڕەشەی پەرەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی لەم ناوچانەدا کردووە.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد هێرشەکانی تورکیە و چەکدارە جیهادییەکانی سەر بەم وڵاتە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا بەرفراوانتر بوونەوتەوە و ئانکارا لەهەوڵدایە کە هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە داهاتووی سووریەدا هیچ ڕۆڵێکیان نەبێت.

هێزەکانی سووریەی دێموکرات گرینگترین هاوپەیمانی ئەمریکا و ئورووپا لە شەڕی دژ بە تێرۆریسم لە سووریەدان.