کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له ماوه‌ی ٥ ساڵدا یه‌ک میلیۆن کرێنشین له‌ ئێراندا که‌وتوونه‌ته‌ ژێر هێڵی هه‌ژارییەوە

10:46 - 6 بەفرانبار 2724

بە هۆی به‌رده‌وامیی قه‌یرانی ئابووری، هه‌ژاری، بێکاری و قووڵتربوونی که‌لێنی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئێراندا، نزیک به‌ یه‌ک میلیۆن کرێنشین له‌ ماوه‌ی ٥ ساڵدا که‌وتوونه‌ته‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری و نه‌داری به‌ ته‌واوی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیون.

‌ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٥ی به‌فرانبار، هه‌واڵده‌ریی فه‌رمیی ڕێژیم بڵاوی کرده‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵه‌کانی ١٣٩٥ هه‌تا ١٤٠١، ڕێژه‌ی بنه‌ماڵه‌ هه‌ژاره‌ کرێنشینه‌کان له‌ ئێران، ٤٨ له‌سه‌د زیادی کردووه.‌

له‌ ڕاپۆرتی هه‌واڵدریی ڕێژیمدا هاتووه‌: "له‌ ساڵی ١٤٠١ زیاتر له‌ یه‌ک میلیۆن بنه‌ماڵه‌ی هه‌ژاری کرێنشین له‌ شاره‌کاندا، ٨٢ له‌سه‌د داهاتی که‌متر له‌ هێڵی هه‌ژارییان هه‌یه‌ و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ١٨ له‌سه‌دی کرێ خانووش تووشی هه‌ژاریی زیاتریان کردووه‌.

وه‌زاره‌تی ته‌عاون، کار و خۆشبژێویی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕێژیم هه‌روه‌ها ئاماری کرێنشینانی هه‌ژاری له‌ گونده‌کان به‌ ١٠٠ هه‌زار بنه‌ماڵه‌ خه‌مڵاندووه‌ که‌ ده‌کاته‌ ٨ له‌سه‌دی کرێنشینانی ئێران.

کارناسانی بواری ئابووری له‌ ئێراندا، سیاسه‌تی پشتیوانیی ڕێژیم له‌ هه‌مبه‌ر بنبڕکردنی هه‌ژاری و دروستکردنی خانوو بۆ کرێنشینانیان له‌ڕاده‌به‌ده‌ر لاواز له ‌قه‌ڵه‌م داوه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌: "بۆ بنبڕکردنی هه‌ژاریی خانووبه‌ره‌ له‌ شاره‌کان سیاسه‌تێکی کورتمه‌ودا له‌ ڕاستای دابینکردنی تێچووی خانووبه‌ره‌ وەک پێدانی یارمه‌تیی خانوو بە بێ وەرگرتنەوە، کۆنتڕۆڵی کرێ خانوو و دانی سه‌به‌ته‌ی پشتیوانیی که‌لوپه‌له‌ خۆراکییه‌ پێویسته‌کان لەبەر بگیرێ."

له‌ ئیراندا نرخی هه‌ڵاوسانی کرێ خانوو به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی ئاماری ڕێژیم، نزیک به‌ ٣٠ هه‌تا ٤٠ له‌سه‌د بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و هه‌روه‌ها کرێنشینان هەڵاوسانی گه‌وره‌تر له‌ ٧٠ هه‌تا ١٠٠ له‌سه‌دیان ئه‌زموون کردووه‌.