بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نێوخۆی ئێران و پشتڕاستکردنەوەی بەکارهێنەران، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار تۆڕی کۆمەڵایەتیی "واتس ئاپ" و ئەپی "گووگڵ پلەی" لە ئێران فیلتێرینگیان لە سەر لا برا و بەکارهێنەران توانیان بە بێ "وی پی ئێن" ئەم دوو ئەپە بەکار بهێنن.
لابردنی فیلتێرینگ لەسەر ئەم دوو ئەپە لەکاتێکدایە کە پێشتر مەسعوود پزشکییان بەڵێنی لابردنی فیلتێرینگی لە سەر هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوڵەتەکەیدا دابوو.
هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی واتس ئاپ و گووگڵ پلەی، کاردانەوەیەکی زۆر لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەهەمبەر ئەم هەوڵە ناتەواوەی دەسەڵات هاتە ئاراوە.
بەشێک لە بەکارهێنەران بە ئاماژەدان بە شکستی سیاسەتی فیلتێرینگ، ئەم هەوڵەیان بە هەوڵێکی ئاستنزم لە قەڵەم داوە و خوازیاری لابردنی فیلتێر لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام، تێلێگرام، فەیسبووک و یووتیووب بوونە کە زۆرترین بەکارهێنەریان لە ئاستی ئێران و جیهاندا هەیە.
هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەکارهێنەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، زۆرێک لە بەرپرسانی پێشووی ڕێژیم کاردانەوەیان بەم هەوڵە ناتەواوەی دەوڵەت پیشان دا.
محەممەدجەواد ئازەری جەهرۆمی، وەزیری پێشووی پێوەندییەکانی ڕێژیم لە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیدا لە کاردانەوە بە لانەبردنی فیلتێرینگ لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نووسی: "چاوەڕوانییەکانی خەڵک زیاتر لەم ئاستانەیە".
هەروەها بە بڕوای زۆرێک لە کارناسانی فەزای مەجازی و ئینتێرنێت، ڕێژیم لە سەر درێژەدان بە سیاسەتی فیلتێرینگ سوورە و ئەم هەوڵەش تەنیا پڕۆپاگاندایەکە لە سەردەمی قەیراناوی وڵاتدا.
هاوکات لەگەڵ کاردانەوەکانی خەڵک بەم بابەتە، ١٣٦ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە ناڕەزایەتی بە لابردنی فیلتێرینگ لە سەر واتس ئاپ و گووگڵ پلەی، لە نامەیەکدا بۆ شۆرای باڵای فەزای مەجازی، گەڵاڵەی لابردنی فیلتێرینگیان بە خەڵاتێک بۆ دوژمنانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی نەرم لە قەڵەم دا.
هەروەها ڕووحوڵڵا موئمێن بەڕێوەبەری ستادی "ئەمری بە مەعرووف"ی تاران، لابردنی فیلتێرینگی بە فەرمانی بێنیامین نێتانیاهوو زانی و ڕایگەیاند کە "ئەم بڕیارە وەک خەنجەرێکە بۆ سەر پشتی ئینقلابی ئیسلامی".