کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٣٥ شیرکەت و کەشتیی بەهۆی ڕاگواستنی نەوتی ئێران خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

10:28 - 14 سەرماوەز 2724

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ٣٥ شیرکەت و کەشتی کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە گواستنەوەی نایاسایی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی دەرەوە هەیە، خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی بەیاننامەیەک کە ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز لە ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە، ١٤ شیرکەتی تۆمارکراو لە هیند، ئیمارات، چین، هۆنگ کۆنگ، پاکستان، لیبێریا، دوورگەکانی مارشال و ئێران خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

جگە لەوەش ٢١ کەشتیی نەوتهەڵگر کە لە قاچاخی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و پێترۆشیمیی ئێران کە بە ''ناوگانی ئەرواح'' ناسراون، خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

خەزێنەداریی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە گەمارۆ نوێیەکان کەرتە سەرەکییەکانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی دەکەنە ئامانج بۆ ئەوە ڕێژیم نەتوانێت لە سامانی گشتی بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی کەڵک وەرگرێت.

برادلی ئێسمیت، جێگری وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە کاروباری ماڵی و تێرۆریزم سەبارەت بە گەمارۆ نوێیەکان، وتی: ''ئێران لە تەرخانکردنی داهاتەکانی بازرگانیی نەوتی خۆی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی، پەرەدانی تێکنۆلۆژیی مووشەکی بالستیک و دڕۆن و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و ئەمەش مەترسیی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا دەهێنێتە ئاراوە.''

هەروەها ئەمریکا ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، بەهۆی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، گەمارۆی نەوتی خستبووە سەر کۆماری ئیسلامی.