کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێرش بکات، بە دڵنیاییەوە وڵامی یەکلاکەرەوە دەدەینەوە

12:17 - 6 بەفرانبار 2724

هێرتزی هاڵوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەرفرانبار هۆشداری دا کە هەر هێرشێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی یان هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئیسرائیل بەرەوڕوو دەبێتەوە، و ئیسرائیل ئامادەیە لە هەر کات و شوێنێکدا هێرش بکاتە سەر تاران و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە.

ناوبراو لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی بەشی فڕۆکەوانیدا جەختی کردەوە کە ئێران و هێزە نیابەتییەکانی و هەر لایەنێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیەوێت سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتی ئیسرائیل تێک بدات، دەبێت ئەوە بزانێت کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە توندی لە بەرامبەریان دەوەستێت و بۆ هێرشکردنە سەریان لە هەر کات و لە هەر شوێنێکدا ئامادەیە.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەرتەشی ئیسرائیل دوو ڕۆژ دوای ئەو قسانەی بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هاتووە کە ڕایگەیاندووە بەردەوام دەبین لە بەئامانجگرتنی هەر کەسێک کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئیسرائیلی هەبێ.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیلی داوا دەکەن کە هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە وڵامی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر تێلاڤیڤ بەردەوام بێت.

هەروەها نێتانیاهوو لە پەرلەمانی ئیسرائیل وتی: ئیسرائیل دەسەڵاتی ڕاگرتنی خۆی مسۆگەر کردووە و زەربە لەو لایەنانە دەدات کە هەوڵ دەدەن زیان بە وڵاتی ئێمە بگەیەنن، و ئێمە یەک بە یەک لقە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیش هەڵدەوەشێنینەوە.

ناوبراو زیادی کرد: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانی بە ئەرتەشی ئیسرائیل داوە کە لە کاردانەوە بە هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، هێرش بکاتە سەر ئامانجە ستراتێژیکەکانی ئەو هێزانەی کە کۆماری ئیسلامی لە یەمەن پشتیوانیان لێ دەکات.

سەرەڕای چەندین هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکان لە یەمەن، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار حوسییەکان مووشەکێکی دیکەیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

دوابەدوای لاوازبوونی بەرچاوی حەماس و حیزبوڵڵا لە لوبنان و ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە و لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی نفووزی تاران لە ناوچەکەدا، ئێستا ئیسرائیل هێرش بۆ سەر بنکەکانی حوسییەکانی یەمەنی خستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ٢٥ی سەرماوەز، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی "گۆڕینی شێوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، ڕایگەیاند کە پێشهاتەکانی ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتی ئیسرائیلی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا کردووە.

ناوبراو زیادی کرد: سووریە، لوبنان، غەززە، چیتر ئەوە وڵاتانەی پێشوو نین و تارانیش کە سەرکردەی ئەم میحوەرەیە، ئیتر تارانی پێشوو نییە و هەستی بە دەسەڵاتی ئێمە کردووە.

هەروەها نێتانیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاران ئێستەش خەریکی چارەسەری ئەو برینانەیە کە بە دەستی ئێمە بەری کەوتووە.