کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی لانیکەم سی و یەک کەس لە ماوەی شەش ڕۆژدا

20:16 - 6 بەفرانبار 2724

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندە مافی مرۆییەکانەوە، لە ڕۆژی شەممە یەکی بەفرانبارەوە هەتا پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار، لانیکەم سی و یەک بەندکراوی سزادراو بە سێدارە، لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

بەپێی زانیارییەکان ئەم سزایانە لە بەندیخانەی شارەکانی ورمێ، ئێسفەهان، بیرجەند، جیرۆفت، خوڕەماوا، زاهێدان، ساری، شیراز، قوم، کەرەج، کرماشان، مەشهەد، میاندواو و نەهاوەند جێبەجێ کراون.

ئەم ئامارانە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کوردپا، مافی مرۆڤی ئێران، هێرانا و حاڵوەشەوە بڵاو کراونەتەوە.

ئەم سی و یەک حاڵەتی لەسێدارەدانە بە تۆمەتەکانی کوشتن، ڕاگرتنی ماددەی هۆشبەر و موحاربە جێبەجێ کراون.

زۆربوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، لە حەفتەکانی ڕابردوودا کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەکیی زۆری بەدواوە بوو.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان کە لە ڕێبەندانی ١٤٠٢وە بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان دەستی بەکار کردووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز گەیشتە ٤٨ەمین حەفتەی خۆی وو تاکوو ئێستا ٢٨ بەندیخانە پەیوەست بەم کەمپەینەوە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، کۆماری ئیسلامی لە سەرماوەزی ئەمساڵدا، لانیکەم ١٣٢ کەس و لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا لانیکەم ١٣٣کەسی لە بەندیخانەکانی سەرتاسەری ئێران لە سێدارە داون.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە حەفتەکانی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر سزای نوێی لەسێدارەیان دەرکردووە و بەندکراوانی سیاسی و کەمینەکانیان بە لەسێدارەدان سزا داوە.

هێرانا پێشتریش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سزای لەسێدارەدان، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣وە هەتا ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ لانیکەم ٨١١ کەسی لە سێدارە داون.