ماڵپەڕی مافی مرۆڤی ''هێرانا'' لە دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٨٨٣ کەس لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێراندا لە سێدارە دراون کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ١٨.٣ لەسەد زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە لە ٦ی بەفرانبار بڵاو کراوەتەوە باس لەوە کراوە کە لەم ماوەیەدا ٢٠٧ کەس لەلایەن سیستمی بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و حوکمی سێدارەی ٥٤ کەسیش لەلایەن دیوانی باڵاوە دەرکراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بە ڕێژەی ٣٣.٥ لەسەد زیادی کردووە و لەنێوانیاندا ٧٧٢ کەس پیاو بوون و ٢٦ کەسیان ژن بوون. هەروەها ٥ کەسیش تەەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.
لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، زیادبوونی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان و دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ زیندانییانی سیاسی لە ئێران، ناڕەزایەتیی زۆری لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی لێ کەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ٥١.٨٧ لەسەدی ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە ئێران لە سێدارە دراون، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر و ٤٠.٤٥ لەسەدیان بە تۆمەتی کوشتن لە سێدارە دراون.
بەپێی ئەو ئامارەی لە ڕاپۆرتی هێرانادا بڵاو کراوەتەوە، پارێزگای ئەلبۆرز بە دوو زیندانی پڕ لە حەشیمەت بە ڕێژەی ٢١.٢١ لەسەد و پارێزگای فارس بە ڕێژەی ٩.٩١ لەسەد لە ساڵی ٢٠٢٤دا پلەکانی یەکەم و دووهەمی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان بەدەست هێناوە.