کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی ڕێبەرانی نوێی سووریە لەهەمبەر ئیسرائیل

10:36 - 8 بەفرانبار 2724

پاش ئەوەی کە پارێزگاری دەمێشق باسی لە دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل کردبوو، نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سووریە ڕایگەیاند کە قسەکانی پارێزگاری دەمێشق سەبارەت بە پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، هەڵوێست و ڕوانگەی ڕێبەرانی نوێی سووریە نییە.

پێشتر ماهر مەروان لە وتووێژێک لەگەڵ ڕادیۆ ئەمریکا وتبووی: "کێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل نییە".

مەروان کە پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرع، ڕێبەری نوێی سووریە وەک پارێزگاری دەمێشق دیاری کراوە لەم وتووێژەدا جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە خەڵکی سووریە خوازیاری ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ ئیسرائیلن و حکوومەتی نوێی سووریە دەیهەوێت پێوەندییەکی باش لەگەڵ ئیسرائیل دابمەرزێنێت.

پارێزگاری دەمێشق لە قسەکانیدا بۆ ڕادیۆ ئەمریکا بە بێ ئاماژەدان بە شەڕی غەززە ڕایگەیاندبوو کە حکوومەتی نوێی سووریە نایهەوێت کە ئەمنییەتی ئیسرائیل یان هەر وڵاتێکی دیکە تێک بدات.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی ئەمریکایی بەم هەواڵدەرییەی ڕاگەیاندبوو کە ئەمریکا پەیامی دەوڵەتی نوێی سووریەی بە ئیسرائیل گەیاندووە بەڵام واشینگتۆن دوو لایەن بۆ دروستکردنی پێوەندی ناخاتە ژێر گوشارەوە.

ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە ئەبوو محەممەد ئەلجوولانی کە لە ئێستادا دەسەڵاتی سووریەی گرتووەتە دەست، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە نایهەوێت کە شەڕ و ناکۆکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، ئەرتەشی ئیسرائیل چووە نێو خاکی سووریە و هەروەها بەشێکی زۆر لە چەکوچۆڵە بەجێماوەکانی ڕێژیمی پێشووی سووریەیان لە نیو برد.

ماهر مەروان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە جێی خۆیدایە.

ڕادیۆ ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکوومەتی نوێی سووریە لە هەوڵدایە تاکوو پێگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ خۆی مسۆگەر بکات و یەکێک لە هەوڵەکانی ڕێبەرانی نوێی سووریە هەڵوێستەکانیان لەهەمبەر وڵاتی ئیسرائیلە.