کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی كەسایەتییەكی ئایینی و نیشتمانپەروەر لە شاری شنۆ

11:14 - 8 بەفرانبار 2724

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار، حاجی مەلا عەبدولڕەحمان ڕاوەندی، كەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری شاری شنۆ بەهۆی بەساڵاچووییەوە كۆچی دوایی كرد.

مەلا عەبدولڕەحمان كوڕی خوالێخۆشبوو قازی مەلا ئیبراهیم ڕاوەندی و برای شەهید غەفوور ڕاوەندی بوو کە بنەماڵەکەیان هەم بۆ سەرخستنی بیروباوەڕە ئاینییەكەیان و هەم بۆ سەركەوتنی دۆزی ڕەوای نەتەوەكەمان تێدەكۆشان و هیچكات گوشار و هەڕەشەكانی ڕێژیمی ئێران ئەو بڕوایەی پێ لەق نەكردن و تەنانەت ئامادە نەبوون پێگە كۆمەڵایەتی و ئاینییەی هەیانە لە بەرامبەر پۆست و بەرپرسیارێتییەكی ئەو دەوڵەتە دژە كورد و دژە ئایینییەدا كە پێیان پێشنیار دەكرا بگۆڕنەوە.

 كوڕێكی ناوبراو بەناوی ئەحمەد ڕاوەندی ماوەیەک لە سەرەتای ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا دەبێتە پێشمەرگە و دواتریش دەگەڕێتەوە ناوخۆ بۆ درێژەدان بە خوێندن وەک دۆستێكی وەفادار تا بەدەستهێنانی پلەی دوكتۆرا لە زمان و ئەدەبیاتی كوردی و فارسیدا بەردەوام دەبێت و لەو سەنگەرەدا درێژە بە تێكۆشانی نەتەوەیی و زانستیی خۆی دەدات.

هەروەها برایەكەی كۆچكردوو بە ناوی غەفوور ڕاوەندی  مامۆستای ناسراوی قوتابخانەکانی شاری شنۆ و کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٥ی هەتاویدا لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، لە زیندانی ورمێ ئێعدام کرا.

.ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت