کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ئاڵۆزییە دەروونییەکان لە ئێران بە هۆی سەرکوت و دۆخی خراپی ئابووری

10:52 - 14 سەرماوەز 2724

محەممەدڕەزا شاڵبافان، سەرپەرستی نووسینگەی تەندروستیی دەروونی، کۆمەڵایەتی و گیرۆدەبوونی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی، باسی لە تووشبوونی ٢٥ لەسەدی خەڵکی ئێران بە شێوەیەک لە ئاڵۆزییە دەروونییەکان کردووە.

هەواڵدەریی ئیسنای سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری شاڵبافانەوە هێناویەتی "تەشەنەی ئەم ئاڵۆزییانە لە کۆنتڕۆڵی وەزارەتی تەندروستیدا نییە و پێوەندیی بە بابەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە هەیە و زیادیشی کردووە کە ئاڵۆزییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ باوترین ئاڵۆزییە دەروونییەکانی خەڵکی ئێران دێنە ئەژمار".

هەرچەند کە ناوبراو وەک بەرپرسێکی حکوومەتی هیچ ئاماژەیەکی بە هۆکاری زیادبوونی ئەم ئاڵۆزییانە نەکردووە بەڵام بە وتەی دەروونناسان بەشی سەرەکیی زیادبوونی خۆکوژییەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئاڵۆزییانە کە ڕێژەیەکی بەرچاوی بە هۆی دۆخی سیاسی و ئابوورییەوە تووشی خەڵک بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسی ئەنجومەنی دەروونناسی کۆمەڵایەتیی ئێران خەزەڵوەری ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە بەپێی دوایین داتاکان ٣٥ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران گیرۆدەی ئاڵۆزییە دەروونییەکانن.

مەجید سەفارینیا بە ئاماژەدان بەوەی کە نێونجیی تەندروستیی دەروونی لە ئێران کەمتر لە پێوەرە جیهانییەکانە، جەختی لە سەر ئەوە کردبووەوە کە ڕووداوەکانی سالی ١٣٩٨ تا هەنووکە بەتایبەتی ناڕەزایەتییەکان و هەژاریی خەڵک بەهۆی دۆخی خراپی ئابوورییەوە، تەندروستیی دەروونیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە و گۆڕانکاریشی بە سەردا هێناوە.

زۆربەی دەروونناسان سەرکوتی سیستماتیک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئاڵۆزییە دەروونییەکان دەزانن.