کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی هێزەکانی ڕێژیم لە ئامادەبوونی کەسوکاری لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠ لە گۆڕستانی خاوەران

12:12 - 8 بەفرانبار 2724

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەشێک لە بنەماڵەی مافخوازی خاوەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگریان لەو بنەماڵانەی کردووە کە ویستوویانە سەردانی گۆڕی ئازیزیانیان بکەن و دەرگای ئەم گۆڕستانەیان داخستووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کارە درێژەپێدەری ئەو گوشارە زیادەیە کە مەسعوود مۆئمێنی بەرپرسی بەهەشتی زەهرا دەیخاتە سەر بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی شەستەکان و هاوینی ٦٧دا ئێعدام کراون. مەبەست لەم گوشارانە ئەوەیە کە گۆڕستانی خاوەران چۆڵ بکرێت و ئەم بەڵگەنامە مێژووییە لە یادی گشتیدا بسڕدرێتەوە.

بنەماڵە مافخوازەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم هەوڵانە مەحکوومن بە شکست و هێشتا لەسەر تۆمارکردنی سکاڵا و زیندووهێشتنەوەی یادەوەریی ئازیزانیان پێداگرن.

گۆڕستانی خاوەران یەکێک لەو گۆڕستانانەیە کە تەرمی بەشێک لەو زیندانییە سیاسییانەی تێدا ئەسپەردە کراوە کە بە دەستی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٦٠ هەتا ١٣٦٧ کوژراون. 

جاوید ڕەحمان ڕیپۆرتێری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی لە دەیەی ٦٠دا کۆمەڵکوژیی کردووە و تاوانی بە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە.