کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی ١٠ کەسیی ئۆمه‌تی حیزبۆڵڵا له‌ دژی لابردنی فیلتێرینگی واتس ئاپ و گووگڵ پله‌ی

18:54 - 8 بەفرانبار 2724

له‌ خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی ڕێژیم له‌مه‌ڕ دژایه‌تیی لەگەڵ لابردنی فیلتێرینگی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی واتس ئاپ و گووگڵ پله‌ی، که‌متر له‌ ١٠ که‌س به‌شدارییان کردووه.

دوابه‌دوای ده‌رکردنی ڕاگه‌یه‌ندراوی کۆبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانێک که‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی ڕێژیمه‌وه‌ له‌ ژێر ناوی "ئۆمه‌تی حیزبۆڵڵا" له‌ دژی لابردنی فیلتێرینگی تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی واتس ئاپ و گووگڵ پله‌ی ڕێک خرابوو، که‌متر له‌ ١٠ که‌س به‌شدارییان لەم خۆپیشاندانەدا کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار تۆڕی کۆمەڵایەتیی "واتس ئاپ" و ئەپی "گووگڵ پلەی" لە ئێران فیلتێرینگیان لە سەر لا برا و بەکارهێنەران توانیان بە بێ "وی پی ئێن" ئەم دوو ئەپە بەکار بهێنن.

لابردنی فیلتێرینگ لەسەر ئەم دوو ئەپە لەکاتێکدایە کە پێشتر مەسعوود پزشکییان بەڵێنی لابردنی فیلتێرینگی لە سەر هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوڵەتەکه‌یدا دابوو.

هاوکات لەگەڵ ئازادبوونی واتس ئاپ و گووگڵ پلەی، کاردانەوەیەکی زۆر لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەهەمبەر ئەم هەوڵە ناتەواوەی دەسەڵات هاتە ئاراوە.

بەشێک لە بەکارهێنەران بە ئاماژەدان بە شکستی سیاسەتی فیلتێرینگ، ئەم هەوڵەیان بە هەوڵێکی ئاستنزم لە قەڵەم داوە و خوازیاری لابردنی فیلتێر لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام، تێلێگرام، فەیسبووک و یووتیووب بوون کە زۆرترین بەکارهێنەریان لە ئاستی ئێران و جیهاندا هەیە.

محەممەدجەواد ئازەری جەهرۆمی، وەزیری پێشووی پێوەندییەکانی ڕێژیم لە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیدا لە کاردانەوە بە لانەبردنی فیلتێرینگ لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە نووسی: "چاوەڕوانییەکانی خەڵک زیاتر لەم ئاستانەیە".

هەروەها ڕووحوڵڵا موئمێن بەڕێوەبەری ستادی "ئەمری بە مەعرووف"ی تاران، لابردنی فیلتێرینگی بە فەرمانی بێنیامین نێتانیاهوو زانی و ڕایگەیاند کە "ئەم بڕیارە وەک خەنجەرێکە بۆ سەر پشتی ئینقلابی ئیسلامی".