کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل وردەکارییەکانی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە بڵاو کردەوە

10:41 - 9 بەفرانبار 2724

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چۆنییەتی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری پێشووی حەماس، لە تاران کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار لەلایەن ئەم کانالەوە بڵاو بوویەوە، ئیسرائیل لە ڕێگەی بۆمبێکی جێگیرکراو لە ژووری نوستنی هەنییە، توانی ڕێبەری پێشووی حەماس لە یەکێک لە ئەمنییەتیترین شوێنەکانی تاراندا بکوژێت.

ڕاپۆرتەکە باس لە پلانێک دەکات کە پێشتر بە وردەکارییەوە داڕێژراوە و چەند مانگ ئامادەکاری بۆ کراوە بە شیوەیەک کە مەئموورانی مووساد پاش ئەوەی کە زانیویانە هەنییە لە هاتوچۆکانی بۆ تاران، هەمووکات لە یەک ژوور دەمێنێتەوە، بۆمبێکیان لە ژوورەکەیدا جێگیر کردووە کە لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل زیادی کردووە کە لە کۆتا ساتەکاندا سیستمی فێنککەرەوەی ژوورەکەی هەنییە خراپ دەبێت و مەترسیی ئەوە دروست دەبێت کە پلانەکە تێک بچێت بەڵام پاش ماوەیەکی کورت کێشەکە چارەسەر دەکرێت و ئیسماعیل هەنییە دەگەڕێتەوە بۆ نێو ژوورەکەی.

ئیسرائیل پێشتر لەم چەشنە ئۆپەراسیۆنانەی نەدەگرتە ئەستۆ بەڵام ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ٣ی بەفرانبار، ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بۆ یەکەمین جار ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئیسماعیل هەنییەی لە تاران کوشتووە.

باسکردنی چۆنییەتیی کوشتنی هەنییە لە ئێستادا لەحاڵێکدایە کە پێشتر هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای پاسداران ڕایانگەیاندبوو کە پاش لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەرکەوتووە، ناوبراو بە هاوێژەرێک کوژراوە و دەنگۆکانی سەبارەت بە هەبوونی بۆمب لە نێو ژوورەکەیدا ڕاست نییە.

ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری پێشووی حەماس کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێنددانی مەسعوود پزشکییاندا سەردانی ئێرانی کردبوو، ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ لە ڕێگەی بۆمبێکەوە کە پێشتر لە ژووری نووستنەکەیدا جێگیر کرابوو، کوژرا.