موجاهید کۆرکور، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزوتنەوەی ''ژن، ژیان، ئازادی'' و تۆمەتبار لە دۆسییەی کیان پیرفەلاک، جارێکی دیکە لەلایەن سیستەمی بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
موجاهید کورکور لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی'' ژن، ژیان، ئازادی'' کە لە ئێستادا دوو ساڵ و ١٠ ڕۆژە لە زیندانی ''شەیبان''ی شاری ئەهوازدایە، حوکمی لەسێدارەدانی جارێکی دیکە لەلایەن لقی سێ دادگای ئینقلابی ئەهوازەوە وەکوو لقی هاوتەریب، پشتڕاست کرایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا نیگار کورکور خوشکی موجاهید کورکور لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی: "بەپێی دوایین زانیارییەکان موجاهید جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
موجاهید کورکور، خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەهوازەوە بە تۆمەتی ''محاربە و و افساد فی الارض'' سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپا و ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای دیوانی باڵای ڕێژیمی ئیرانەوە پشتڕاست کرایەوە و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا.
پێشتر دزگای بەناو دادوەری و بەرپرسان و میدیاکانی ڕێژیم هەوڵیان دەدا هۆکاری کوشتنی کیان پیرفلاک بگەڕێننەوە بۆ موجاهید کورکور؛ بەڵام دایکی کیان پیرفەلەک، لە پرسەی کوڕەکەیدا ڕایگەیاند، ئەوە هێزە ئەمنییەتییەکان بوون کە تەقەیان لە ماشینەکەیان کردووە، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدانی کیان و برینداربوونی سەختی باوکی. دوای ماوەیەک بە ڕوونی جەختی لەوە کردەوە: من دایکی کیان، هیچکەس لە هاوشارییەکانم کە وەکوو بکوژ بیاناسێنن، قەبووڵ ناکەم.
موجاهید کۆرکور کە ئێستا لە ئەهواز لە زیندانی شەیباندایە، پێشتر بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە دراوە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی لەوانە چاوپێکەوتن لەگەل بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
موجاهید کورکور ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١ لە کاتی هێرشێکی چەکداریی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر گوندی "پرسوراخ" لە ئیزە بریندار و دەسبەسەر کرا. هەروەها لە کاتی تەقەکردنی هێزەکانی سپای پاسداران، دوو گەنجی دیکەی ناڕازی بە ناوەکانی مەحموود ئەحمەدی و حوسێن سەعیدی کوژران.