کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندراو بە بۆنەی کۆچی دوایی چیرۆکنووسی گەورەی کورد، مەنسوور یاقووتی

10:49 - 9 بەفرانبار 2724

بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، رێکەوتی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٣ مەنسووری یاقووتی ناسراو بە گوڵباخی، نووسەری ناوداری کورد، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.

‎یاقووتی لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی "کیوەنان" لە سونقوڕی کرماشانە‎ و قۆناغەکانی خوێندنی لە کرماشان تەواوکردووە و لە قوتابخانەکانی ئەم شارەدا وانەی وتوەتەوە. ناوبراو نووسەر، شاعیر و ڕەخنەگری دیاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.

کاک مەنسوور یاقووتی، یەکێک لەو نووسەرە ناودارانەیە کە ناسناوی "چیخۆڤی ئێرانی" پێ دراوە. یاقووتی دەچێتە ڕیزی ئەو نووسەرانەی کە لە ئەدەبیاتی جیهانیدا بە نووسەری ئەدەبیاتی کەمینە ناودێر دەکرێن کە بە هۆکاری سیاسی ناچار بە نووسین بە زمانی دیکەی جیا لە زمانی خۆیان دەبن، بەڵام خەم و ئازاری گەلەکەیان دەنووسنەوە و لە ئێش و ئازاری خاک و خەڵکی خۆیان غافڵ نین. بۆیە یاقووتیش بە زمانی فارسی و لە دووتوێی چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا ئاوڕی لە ژیانی خەڵک و گەلی خۆی داوەتەوە.

‎مەنسوور یاقووتی کە لە سەردەمی پاشایەتیش‌دا بۆ هۆی بۆچوون و نووسینەکانییەوە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە ببوەوە، ساڵی ١٣٥٩ و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بەبێ ئەوەی هیچ سکاڵایەک لە دژی تۆمار کرابێت لەسەر کارەکەی لابرا و دواتر لەگەڵ کاری نووسین کرێکاریشی دەکرد.

بەشێک لە بەرهەمەکانی مەنسوور یاقووتی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، کە "چرایەک لە سەر مایینکۆ" بەناوبانگترینیانە. 

بەرهەمەکانی دیکەی نووسەر بریتین لە:

آواز کوه، داستان‌های آهو دره، قصه‌های زاگرس، آیین یارسان در اساطیر قوم کرد، حماسه بابک خرم‌دین، خرچنگ بلندپرواز، دهقانان، چراغی بر فراز مادیان کوه، افسانه‌هایی از ده‌نشینان کرد، گل خاص، پاجوش، مردان فردا، سال‌های پرخاطره، با بچه‌های ده خودمان، زخم، درخت خشک و باغ پرگل.

شایانی ئاماژەپێدانە؛ کاک مەنسوور یاقووتی لە رێگای تێکۆشەرانی تەشکیلاتی حیزب لە نێوخۆی وڵات، پێوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ حیزبی دێموکرات هەبوو کە هەمیشە بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە سەیری بۆچوون و نووسینەکانی دەکرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک مەنسوور یاقووتییەوە پرسە و سەرەخۆشی پێشکەش بە سەرجەم ئەدیبان و نووسەرانی دەروەستی کورد و بنەماڵەی گەورەی یاقووتی دەکا و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێ.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڕاگەیاندن

٩ی بەفرانبار ١٤٠٣

٢٩ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی